شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردانی یەکێتی ژنانی کوردستانی کرد

شاندێکی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردانی باشوری کوردستانیان کرد و لە یەکەمین سەرداندا لە گەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان، کۆبوونەوە.


شاندێک لە ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان-ن و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

شاندەکە، پێکهاتبوو لە ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، ئەستێرە قاسم چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، نارین مەتین سەرۆکی شەپۆلی پێشەڕۆژی کوردستان و شیراز حەمۆ هاوسەرۆکی ڕێڤەبەری مەجلیسی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی عەفرین.

شاندەکە لە لایەن یەکێتی ژنانەوە پێشوازییان لێکرا و دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئامانجی سەردانەکەیان ڕوونکردە، کە سەردانەکەیان بە مەبەستی کارکردنی پێکەوەیی بۆ بەستنی سێیەمین کۆنفڕانسی ژنان لە ڕۆژئاوا و بەردەوامییدان بە بڕیاری کۆنفڕانسەکانی ڕابردوو و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیانە.

نارین مەتین سەرۆکی شەپۆلی پێشەڕۆژی کوردستان، لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: سەردانی ڕێکخراوەکەنای ژنانی باشور دەکەین و پەیامی بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا دەگەیەنین، چونکە ژنانی ڕۆژئاوا توانیان ببنە سیمبولی ئاشتیی و ئازادیی، هەروەها دەمانەوێت بەم سەردانە پێکەوە کاربکەین و کاریگەرییمان لەسەر لایەنە سیاسییەکان هەبێت بۆ ئاواکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست.

هەر لەو کۆنگرەیەدا، سەیوان ڕۆستەم، سەرنووسەری ژیانەوە و بەرپرسی یەکێتی ژنانی کوردستان پێشوازیی لە هاتنی ژنان کرد و باسی لەوە کرد کە جیاواز لە پرسی ژنان کار بۆ پرسە نەتەوەییەکانیش دەکەن.

بڕیارە شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ ژنانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان کۆ ببنەوە.

ش.ف