شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ژنانی گۆڕان کۆبوونەوە

شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە درێژەی ڕیزە سەردانەکانیان، لە گەڵ ژنانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە، ئاسیا عەبدوڵا سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و دیدارەکانیان لەگەڵ ژنانی ناو لایەنە سیاسیەکان بە ئەرێنی ناودەبات و ژنانی گۆڕانیش باس لەوە دەکەن، سەرجەم ئامانجە نەتەوایەتییەکان لە هەرچوارپارچەی کوردستان یەکە.


ئێوارەی ئەمڕۆ، شاندی ژنانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لە درێژەی سەردانەکانیان بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ژنانی باشور و لایەنە سیاسییەکان، لە گەڵ ژنانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، وتی: ئامانجی ئێمە وەک شاندی ژنانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا باسکردنی خەباتی نەتەوەییە لە چوارچێوەی کۆنفرانسی ژنان کە لە ئامەد و هەولێر بەڕێوەچوو، هاوکات بە بۆنەی هەندێک بارودۆخەوە خەباتی ژنان لە ئاستێکدا ڕاوەستا، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە ئەو خەباتە دەست پێدەکەینەوە و لەو پێناوەشدا دیدار لە گەڵ هەموو ژنانی ناو لایەنە سیاسییەکان ئەنجام دەدەین.

وتیشی: دەمانەوێت کۆنفرانسی سێیەم ئامادەکارییەکانی دەست پێبکەین و خەباتی هاوبەش بەهێزتر بێت، لەو باوەڕەداین کە هەموو گفتوگۆکانمان بە ئەرێنی دەڕوات.

چیمەن محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، باسی لەوە کرد پارچەکانی کوردستان ئامانجە نەتەوایەتییەکانیان یەکە و هاوکاری یەکتر دەبن، هاوکات خۆشحاڵی خۆشی بە هاتنی ئەو شاندە دەربڕی.

شاندی ژنانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکهاتووە لە ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، ئەستێرە قاسم چالاکوانی مەدەنی، نارین مەتین سەرۆکی شەپۆلی پێشەڕۆژی کوردستان و شیراز حەمۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی عەفرین.

جێگای ئاماژەیە، شاندەکە ماوەی چەند رۆژێک لە باشوری کوردستان دەمێننەوە و سەردانی ژنانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی دیکەی باشوری کوردستان دەکەن.

بڕیاریشە سبەی سەردانی هەر یەک لە ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان و ژنانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی بکەن.

 ب.ش