شاندی ژنانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا لەگەڵ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کۆبوونەوە

شاندی ژنانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا لەگەڵ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی ئامادەکارییەکانی بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنان کردەوە.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی ژنانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا سەردانی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد لە ئۆفیسی خۆی لە شاری سلێمانی.

شاندەکە بەگەرمیی لەلایەن شاناز ئیبراھیم ئەحمەدەوە پێشوازییان لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکیشدا، ھەردوولا تاوتوێی ھەلومەرجی کوردستان و دۆخی ژنانیان کرد لە ھەرچوار پارچەی کوردستان، ھاوکات باسیشیان لە گرنگیی ڕۆڵی ژنان کرد لە پێکھێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد-دا.

ئاسیا عەبدوڵا، ئەندامی کوردۆناسیۆنی کۆنگرە ستار ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو و وتی: گفتوگۆیەکی باشمان کرد، بەتایبەت دەربارەی ئامادەکارییەکیان بۆ بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنان، ھەروەھا پەرەسەندنەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەگشتیی و ڕۆژئاوامان بەتایبەت تاوتوێکرد.

وتیشی: شاناز خانیش جەختی لە گرنگیی ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنان کردەوە و ئامادەیی خۆشی بۆ ھەر پشتگیریی و پشتیوانییەک دەربڕی.

ب.ش