شاندی ژنانی هەدەپە و یەکێتی ئافرەتان کێشەکانیان تاووتوێ کرد

شاندێکی ژنانی هەدەپە کە لە باکوری کوردستانەوە هاتوونەنە هەولێر، لەگەڵ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کۆبوونەوە.


شاندێکی ژنانی هەدەپە، بەسەرۆکایەتیی فەلەکناس ئۆجا، پەرلەمانتار و وتەبێژی پەیوەندییە دپلۆماسییەکانی ژنانی هەدەپە و بە ئەندامێتیی نوران ئیمیر پەرلەمانتاری شرناخ، سەمیرا گوزەل پەرلەمانتاری  ئامەد و ناڵان ئۆزداین، هاوسەرۆکی شارەوانیی شەمرەخ لە هەولێرن و ئەمڕۆ بەهاوڕێیەتی لەگەڵ موزەیەن گونەش هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشور و مزگین ئاری ئەندامی نوێنەرایەتییەکە، سەردانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانیان کرد و لەلایەن د.ڤیان سلێمان، سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتەوە پێشوازییان لێکرا.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا فەلەکناس ئۆجا، ئامانجی سەردانەکەیانی ڕوونکردەوە، کە پێکهێنانی یەکێتی کوردانە و، وتی: لە مێژوودا ژنی کورد پێشەنگایەتیی و بەرخۆدانی زۆریان کردووە، کاتی ئەوە هاتووە وانە لە ڕابردوو وەرگرین و ئێمەش پێشەنگایەتیی بۆ یەکێتی ژنان و کوردان پێکبێنین.

فەلەکناس ئۆجا، تیشکی خستە سەر ئەو ستەمانەی، کە لەلایەن دەوڵەتانەوە لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، وتیشی: هاتووین گفتوگۆ بکەین، کە چۆن بتوانین بەیەک دەنگ کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان.

سەبارەت بە کێشەی کوشتنی ژنان و هەڵوێستی ژنانی سیاسەتمەدار لەوبارەیەوە، فەلەکناس، باسی لەوە کرد، کە لە باکوری کوردستان زۆر بەگرنگییەوە لەو پرسە دەڕوانن و کەمپەینی تایبەتیان بۆ ڕێگەگرتن بەو تاوانە دەستپێکردووە، وتیشی: ڕۆژێک تیناپەڕێ ژن نەکوژرێ، توندوتیژیی بەرامبەر نەکرێت، مافی زەوت نەکرێت، زهنیەتی دەسەڵاتخوازیی پیاو هەیە، بۆیە پێویستە تێکۆشانەکان زیاتر بکەین.

دواتریش د. ڤیان سلێمان، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندەکە دەربڕی و وتی: کۆمەڵێک ئامانجی هاوبەشمان هەیە، کە پێویستە کاری بۆ بکەین، بەتایەبت لە پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکاندا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئەگەرچی ژنان لە پەرلەمان و حکومەتدا هەن، "بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیدا نین و نەمانتوانیوە ڕێگریی لە توندوتیژییەکانی سەر ژنان بکەین، ئەم کارە پێویستی بە تێکۆشانی هەمەلایەنە هەیە و هێشتا لە نیوەی ڕێگاداین".

س.ح