شیرین عەلەمهولی لوتکەی خۆڕاگریی مرۆڤ

بەر لە ١٠ ساڵ جەلادەکانی ئێران هەموو هونەرکانی ئەشکەنجەدانیان لەسەر جەستەی ژنە سیاسەتمەداری کورد شیرین عەلەمهولی تاقی کردەوە، بەڵام نەیانتوانی ڕۆحی بەرزی شۆڕشگێڕیی لاوازبکەن، دواجار بەو ڕۆحە بەرزەیەوە و بەدەم وتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیبەوە لەگەڵ هاوڕێکانی ڕۆشتە بەردەم پەتی سێدارە.


سبەی١٠ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهولی و هاوڕێکانیدا تێدەپەڕێت لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران بە لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهولی ئامانجی بوو، کە ڕۆحی شۆڕشگێڕیی ژنانی کوردیش لەسێداوە بدات، بەڵام لەدوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ سەدان ژنی کورد بە ڕۆحی شیرین عەلەمهولییەوە بەشداری ڕیزەکانی ئازادیی خوازیی گەلی کورد بوون.

شیرین کێیە؟

شیرین عەلەمهولی، سەر بە عەشیرەتی جەلالی-یە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووەم منداڵی خێزانەکەیەتی، لە ساڵی ١٩٨١ لە  گوندی دیم قشڵاخ-ی سەر بە شاری ماکۆ لە دایکبووە، ٧ برا و دوو خوشکی هەبوو.

بەشداری تێکۆشانی ئازادیی دەبێت

شیرین، هیچ خوێندەواریی نەبوو، لە ڕێگەی کتێبەکانی براوخوشکە بچووکەکانیەوە پیتەکانی ناسیبوو، بەڵام لەوکاتەی کە چاوی لە ئاستی نادادپەروەرییەکانی کۆمەڵگا و دونیا کرایەوە، هیچ ناحەقییەکی بۆ خۆی و بۆ ژنانی دەوروبەری پەسەند نەکرد.

لە ساڵی ٢٠٠٦ بەشداری تێکۆشان دەبێت و بۆ ماوەی ساڵێک لە چیای قەندیل دەمێنێتەوە، هەر لەوێ فێری خوێندن و نووسین دەبێت و لە ئاستی فکریدا خۆی پێش دەخات، کاتێک ساڵی ٢٠٠٨ دەوڵەتی تورک بە هاوپەیمانیی ئێران، هێرشیان کردە سەر قەندیل، شەش ئەندامی ڕاگەیاندنی پژاک شەهید بوون، دواتر بە شەهیدبوونی بەشێکی دیکە لە هاوڕێکانی، شیرین پەیمانیدا لەبەرامبەر هەموو ئەو زوڵمانەی ڕژێمی ئێران بێتە دەنگ و تۆڵەی هەموو هاوڕێیان و گەلەکەی بکاتەوە، بۆیە بڕیاری ئەنجامدانی چالاکیی فیداییدا لە شوێنی مانەوەی هێزی ئاسمانی ئێران لە شاری تارانی پایتەخت، لەکاتێکدا لە دووری ١٠٠ مەتر لە فڕۆکەخانەکە دەوەستێت، لەلایەن کەسانی دیکەوە ئاشکرا دەکرێت و دواتر دەستگیر دەکرێت.

ئەشکەنجەدانی زیندان

لەدوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک دەسەڵاتدارانی ئێران نازانن کێیە، بۆیە بەردەوام ئەشکەنجەی دەدەن، جەلادەکانی ئێران هەموو هونەرەکانی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی ئەم ژنە شۆڕشگێڕەی کورد تاقی دەکەنەوە، شیرین لەبەرامبەردا لەبری ئەوەی سازش بکات بۆ هێزەکانی ئێران مانگرتن ڕادەگەیەنێت.

شیرین، لەبارەی شێوازەکانی ئەشکەنجە دانیەوە لەبیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی: ئەو کەسانەی کە ئەشکەنجەیان دەدام پیاو بوون، منیان بە تەختێکەوە بەستبووەوە و بە داری کارەبایی و مشت و شەق ئەشکەنجەیان دەدام، بە هۆی ئەوەی کە فارسیشم باش نەدەزانی زیاتر فشاریان لەسەرم دروست دەکرد.

ڕژێمی ئێران دەیان جار فشارییان خستبووە سەر شیرین، داوایان لێکردبوو، کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا پەشیمانی خۆی دەربڕێت، بەڵام شیرین لە وەڵامدا پێی وتبوون "ئێوە دەتوانن گیانی من بستێنن، بەڵام ناتوانن شەرەفم لێبستێنن"، بۆیە دوای شەش مانگ لێدان و لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئەوین، ئەشکەنجە وەها ڕووخسار و جەستەی گۆڕیبوو، کە نەدەناسرایەوە.

بەرەو پەتی سێدارە

لە دوای دووساڵ مانەوە لە زیندانی ئەوین و بە بڕیاری دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تاوانی دەرچوونی یاسایی لە سنوور و هاوکارییکردنی پژاک، بڕیاری سێدارەی بەسەردا سەپێردرا، ئەگەرچی هەوڵێکی بێ شومار بە کۆکردنەوەی واژۆ و ڕاگەیاندنی کەمپەین درا، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە لەسێدارەدانی شیرین بگیرێت، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.

بەرپرسانی زیندان کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەوی ٩ی گوڵان ٢٠١٠ بە بیانووی هەڵە تۆمارکردنی ناوی باوکی، شیرین بانگ دەکەنە دەرەوی زیندانی ئەوین، بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی هاوڕێ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەرییان، فەرهاد وەکێلی و مەهدی ئیسلامیی، بە وتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیب لە سێدارە دران.

کاردانەوەکانی لەسێدارەدانیان

هەر پێنج ڕۆژ لە دوای لە سێدارەدانیان، وەک ناڕەزایەتی مانگرتنێکی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، کە لە مێژووی ئێراندا کەم وێنە بووە، هەروەها لەهەموو پارچەکانی کوردستان و تەواوی وڵاتانی جیهان ناڕەزایەتیی بەرفراوانی دژی لەسێدارەدانی ئەو شۆڕشگێڕە کوردانە چالاکی ئەنجامدرا.

"نیشانی دوژمنی دا کە بە ئەشکەنجە تێکناشکێت"

پەیمان ڤیان، یەکێک لە هاوبیرانی شیرین عەلەمهولی لەبارەی خەبات و تێکۆشانی شیرینەوە بە ڕۆژنیوزی وت: نۆیی گوڵان لە کەسایەتی هەڤاڵ شیریندا ڕۆژی بەرخۆدان و سەرکەوتنە، بەو بەرخۆدانەی کە لە زینداندا کردی جارێکی دیکە رۆحی بە بەر ئەو تێکۆشانەکردەوە، وەک ژنێکی ڕۆژهەڵاتیش لە زیندانەکانی ئێراندا خەباتێکی لە دژی سیستم و عەقڵیەتی سێدارە ڕاگەیاند، چونکە بەو ئەشکەنجە کردنانەی ویستیان بیروباوەڕەکەی تێکبشکێنن، هەر بۆیە ئەو نیشانی دوژمنی دا کە بە ئەشکەنجە و لێدانی رۆحی و فیزیکی، تێکۆشان تێکناشکێت.

پەیمان ئەوشی وت: هەموو ئەو خۆڕاگرییە بووە ڕۆحێکی بەرخۆدان و ئیرادە و ئەزموونێک بۆ زیندانیانی دیکە، بۆ تەواوی ژنان لە جیهاندا بووە سیمبولێک و کاتێک ناوی شیرین دێت ڕۆحی سەرهڵدان دەژێیتەوە، دوژمن بەو لە سێدارەدانە نەیتوانی بە ئامانجی بگات، بەڵام ٩ی گوڵان تێکۆشانی بەرزتر کرد و وەک ژن پێویستە ئەو لەیاد نەکەین و هەموو ئەو ژنانەی کە ئازاردانەکانی دەوڵەتیان لەسەر ئەنجام دەدرێت، خاوەندارییەتی لە شەهید شیرین بکەن و بەو ڕۆحیەتە ببنە دەنگی هەزارانی سیاسی دیکە لەناو زیندانەکانی ئێران.

"بە تێکۆشانی ڕێگای بۆ هەموو ژنان کردەوە ڕوو لە چیاکان بکەن"

مزگین جەنگاوەر، یەکێکی دیکە لە هاوبیرەکانی شیرین عەلەمهولی دەڵێت: داگیرکەران دەیانەوێت بە سێدارە و داگیرکارییەکان، چاوی ژنان بترسێنن و دووریان بخەنەوە لە ئامانجەکانیان، بۆیە لە کەسایەتی لەیلاکان، شیرینەکان و هەڤرینەکاندا تێکۆشان گەیشتووەتە ئاستێک کە لە هەر چوارپارچەی کوردستا بە قەڵەم و چەک بووەتە سیمبول، شەهید شیرینیش بە تێکۆشانی خۆیی ڕێگای بۆ هەموو ژنان کردەوە کە ڕوو لە چیاکان بکەن و بە هەزاران ژن-یش درێژە دەری ڕێگاکەی ئەون.

سروە عەگید، باسی لە تێکۆشانی شیرین کرد و وتی: شەهید شیرین هەر لە سەرەتایی ژیانییەوە ئەو سیستمەی قبوڵ نەکرد، کە لە لایەن جمهوری ئیسلامییەوە بەڕیوە دەچێت و لە ڕێگای چادرێکی ڕەشەوە ژن بێ ئیرادە دەکات و ناهێڵێت بە فکرێکی ئازاد تێکۆشان بکات، بۆیە بە تێکۆشانی بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگا خەباتێکی بەرچاوی کرد.

سروە باسی لەوەش کرد: دەبێت ژنان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاواتی شەهیدان بە دی بهێنین، بەڕاستی ئەمەی کە ئێستا هەیە لە سایەی تێکۆشان و خوێنی شەهیدانەوەیە، ئەوە دیارە کە جمهوری ئیسلام بەو سەرکوتکردنە.

"سەلماندی تێکۆشانی بۆ ئازادیی ژنانی بندەستە"

ڕووناهی سنە، ژنە چالاکوانێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر شیرین عەلەمهولی دەڵێت: ڕێگای شەهید شیرین بەردەوامە، ئەو بە تێکۆشانی و ئیرادەی تا سەرە مەرگ سەلماندی کە تێکۆشانی بۆ ئازادیی ژنانی بندەستە، ئێمەی ژنانیش بە پەروەردەی خۆمان ئەو ئازادییە بەدەست بێنین و سیستمی دەسەڵاتداری تێکبشکێنین.

"ژیانی بووە ڕۆمان"

ماوەی ١٠ ساڵە شیرین عەلەمهولی، گیانی بەخشیوە بە ئازادی، بەڵام ژیان و تێکۆشانی ڕێگای زۆر ئازادیخوازیی ڕووناک کردووەتەوە، هەروەها بووەتە هۆی ئیلهامی هەندێک لە نووسەران، ئەحمەد بلۆکی، نووسەری کورد ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ژیان و تێکۆشانی شیرین ڕۆمانێکی بەناونیشانی  'پەپولەی ئازادیی شیرین عەلەمهولی' شێوەزاری کرمانجی ژووروو نووسیوە، ئەم ڕۆمانە لەلایەن نەجیبە قەرەداغیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی، ئەم ڕۆمانە باس لە ژیانی شیرین دەکات بەگشتی، بەتایبەت ئەو ماوەیەی کە لەزیندانی ئێراندا بەسەری بردووە.

د.ع