شەمسە، پاڵەوانی ئازارێکی مۆمیاکراو

دەچێتە ئەو ماڵەی ٣٢ ساڵ پێش ئێستا کیمیاباران کران تێیدا، خانووەکەیان خاپوورکراوە و سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە، بەڵام یاد و بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمە هێشتا لە چاوەکانی شەمسەدا ڕەنگ دەداتەوە.


ساڵی ١٩٨٨ کاتێک هەڵەبجە بۆردوومان دەکرێت، شەمسە لەم ماڵەدا بووە، چیرۆکی ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە کە چۆن ململانێیان لەگەڵ مەرگ و ژیاندا کردووە.

شەمسە دەڵێت: ئەو ڕۆژە نانی نیوەڕۆمان خواردبوو، ویستم نوێژ بکەم لەپڕ دەنگی فڕۆکە و بۆردوومان هات، لەگەڵ هاوسەرەکەم منداڵەکانمان هەڵگرت و چووینە ژێرزەمینی ماڵەکەی دراوسێمان، بە ئێمەوە نزیکەی ٤٠ کەس لەو ژێرزەمینەدا بوون.

دەشڵێت: ناپاڵمێک لە کۆڵانەکەی ئێمە کەوتە خوارەوە، ژێرزەمینەکە داڕووخا بەسەرماندا و دەرگامان لێ گیرا، زۆری پێ نەچوو پێشمەرگە هات بە هانامانەوە و لە ژێرزەمینەکە دەریان هێناین، لەو ٤٠ کەسەی لە ژێر زەمینەکەدا بووین، ٦ بۆ ٧ کەسمان ماینەوە.

شەمسە و هاوسەرەکەی چاوەکانیان لەدەست دەدەن، بە بیناییەکی تاریکەوە شەمسە منداڵەکانی لەکۆڵ دەکات و پێ بەپێ دەڕۆن، بۆ ئەوەی خۆیان قوتار بکەن لە بۆنی سێو.

لەبارەی چۆنێتی دەرچوونیان لە هەڵەبجە شەمسە دەڵێت: سێ جار ویستمان لە هەڵەبجە دەرچین بەڵام تۆپباران ڕێگای پێ نەداین، ئێمەش ڕوومان لە عەنەب کرد، مێردەکەم هەردوو چاوی لەدەستدابوو، خۆشم دووگیان بووم و یەكێک لە منداڵەکانم بە کۆڵ هەڵگرتبوو یەکێکیشیانم کردبووە باوەشم، خۆشم چاوەکانم تەواو لێڵ ببوو، نەمدەتوانی بەڕوونی شت ببیینم، هەرچۆن بێت خۆمان گەیاندە گوندی هاوار.

هەنگاوی دوور و زەحمەت بە سکی برسیی و قوڕگی وشکەوە دەنێن تا دەگەنە گوندی هاوار، مەرگی جگەرگۆشەیەکیان فرمێسک دەخاتە چاوە تاریکەکانیان.

شەمسە ئامەژە بە هەڵگرتنی جەستەی ساردی کۆرپەکەی دەکات و دەڵێت: لە گوندی هاوار کوڕە گەورەکەم کە دوو ڕۆژ داوای ئاوی کرد، گیانی لەدەستدابوو، خۆم نەمدەزانی مردووە چونکە چاوم هیچی نەدەبینی، تا پێشمەرگەکان پێیان وتم کە مردووە، لەوێ پێشمەرگە منداڵەکەیان ناشتم.

لە گوندی هاوارەوە شەمسە و خێزانەکەی دەگوازرێنەوە بۆ شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوێوەوە بە کۆپتەر دەگوازرێنەوە بۆ تاران و چارەسەریان بۆ دەکرێت.

هاوسەرەکەی شەمسە بۆ چارەسەر دەبرێتە وڵاتی نەمسا، دوای ساڵێک دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٩١ی لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستاندا شەهید دەبێت.

شەمسە بەهۆی کاریگەریی کیمیاییەکەوە چاوێکی لەدەست دەدات، ساڵانەش بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕوو لە وڵاتی ئێران دەکات.

شەمسە محەمەد ساڵح، لەدایکبوونی گوندی دێکۆنە لە شارەدێی خورماڵ، ساڵی ١٩٨٥ هاوسەرگیریی دەکات، ئێستا خاوەنی چوار منداڵە و منداڵێکیشی لە کیمیاباراندا شەهیدبووە.

چیرۆکی شەمسە، یەکێکە لەو دەیان هەزار چیرۆکەی کە بەبرینداری لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە ڕزگاریان بووە، کاتێک مرۆڤ گوێی لێدەگرێت هێشتا هەست دەکات چیرۆکێکی ناتەوا و بەشیکی لەناو برینی قوربانیەکانیدا ماوە، بۆئەوەی لەتەواوی چیرۆکەکە تێبگەی دەبێت ئەو ئازارە ببینی کە ئەوان دەیچێژن.

د.ع