شەنگال یادی نازێ نایفی کردەوە

لە شەنگال یادی دووەمین ساڵەی شەهیدکردنی نازێ نایف قەوال، کە لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٧ـدا لە ئەنجامی هێرشی گروپی چەکداری بەناو پێشمەرگەکانی ڕۆژ لە شارۆچکەی خانەسۆری شەنگال شەهید بوو، کرایەوە.


ئەمڕۆ دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی- تاژێ، نازێ نایف قەوال، کە لە بەرخۆدانەکانی دژی هێرشی ٣ی ئازار بۆ سەر خانەسۆر شەهید بوو، کرایەوە و ئاماژە بە قارەمانێتیی نازێ کرا.

ڕۆژی ٢ی ئازاری ٢٠١٧ گروپێکی چەکداری سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق (پارتی) کە ناوی پێشمەرگەی ڕۆژیان لە خۆیان نابوو، لە سهێلا چوونە خانەسۆر و بەیانی ٣ی ئازار بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکە، شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە-ش وەڵامی ئەو هێرشەیان دایە و لە ئەنجامی پێکدادانەکان ٧ شەڕڤان شەهید بوون.

ئەو هێرشە لە هەموو کوردستان و جیهان ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە و خەڵکی ئێزدیش ناڕەزایەتییان پیشاندا، ڕۆژی یەکەم دایکانی شەنگال خۆیاناین کردە قەڵغان و ڕۆژی ١٤ی ئازاریش خەڵکی شەنگاڵ خۆپێشاندانێکی جەماوەرییان بە ئاراستەی ئەو چەتانە ئەنجامدا، گروپە چەتەکەش بە گولـلە هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەران و ئەندامی تاژێ، نازێ نایف قەوال-یان شەهید کرد، لەو هێرشە هەروەها ١٥ سڤیل بریندار بوون.

تەرمی شەهید نازێ ڕۆژی ١٤ی ئازار لە گۆڕستانی شەهیدان لە چیای شەنگال بە مەراسیمێک بە خاک سپێردرا.

ئەمڕۆش بە مەراسیمێک لە شەنگال یادی نازێ نایف قەوال کرایەوە، مەراسیمەکە لەلایەن تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی- تاژێ-وە ڕێکخرابوو.

تاژێ لە مەراسیمەکەدا لێدوانێکی بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و ڕایگەیاند، نازێ بۆ ئێمە بووە سیمبولی یەکێک لە ژنانی بەرخۆدێر، ئەمڕۆ ئێمە لەسەر ڕێگەی ئەوان ڕێکخستن و تێکۆشانی خۆمان بەهێز دەکەین، ئێمە بەڵێن دەدەین کە بەرامبەر هەموو پیلانگێڕییەکان بەرخۆدان بکەین.

 ئەوەش هاتبوو: هەروەها ئێمە بە یەک دڵ و یەک مێشک دەڵێین بمرێ خیانەت، بژی بەرخۆدانی شەنگال، شەهید نامرن.

نازێ نایف قەوال ساڵی ١٩٩٧ لە گوندی زۆمانی کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای چیای شەنگال لە دایک بووە، خانەوادەکەی دوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال، زێدی خۆیانیان جێنەهێشت و ڕوویان لە چیای شەنگال کرد، دوو گەنج لە خانەوادەکەیان لەناو شەڕڤانانی یەبەشەدا لە بەرخۆدانەکانی ئازادکردنی ئێزدیخان شەهید بوون، نازێ-ش بووە سێیەمین شەهید ئەو خانەوادە.

 

ک.ک

.