"شەهید ڤیان تێکۆشانی بۆ ئازادیی ژنان دەکرد"

لە بناری قەندیل سیمینارێک لەسەر ساڵیادی شەهید ڤیان جاف سازکرا و تێیدا ئاماژە بەوە کرا، کە شەهید ڤیان لە تەمەنێکی بچووکەوە بەشداری تێکۆشان بوو و تێکۆشانی بۆ ئازادیی ژنان دەکرد.


ئەمڕۆ بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵیادی شەهید ڤیان جاف و هەروەها بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ و پشتیوانی لەیلا گوڤەن و هاوڕێکانی و وەستانەوە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، لە گوندی بەلکێ لە بناری قەندیل سیمینارێک ئەنجامدرا.

 لە سمینارەکەدا ئارەزوو عەزیز، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، باسی لە ژیانی شەهید ڤیان کرد و وتی: شەهید ڤیان خەڵکی سلێمانی بوو و لە تەمەنێکی بچوکەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان کرد، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە مافی ژن پێشێل دەکرا و ئەو ویستی شۆڕش بکات بۆ نیشتیمان و بۆ ئازادیی و مافەکانی ژنان.

وتیشی: هەڤاڵ ڤیان سەرکردەیەکی قارەمان و تێکۆشەر بوو و ویستی لەناو تێکۆشانی ئازادیی، تێکۆشان بۆ ژنان و ئازادیی ڕێبەرەکەی بکات.

ئارەزوو باسی لەوەش کرد: ئەمڕۆ دەبینین لە باشوری کوردستان و لە شیلادزێ گەلی کورد دژی داگیرکاریی و زوڵم و زۆرداریی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی ڕاپەرینیان کرد، بەڵام بەداخەوە لایەنێکی دیاریکراو هاوکاری دەوڵەتی تورکیان کرد و لە ئەنجامدا چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان لە لایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق دەستگیرکراون، بۆیە پێویستە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز بۆ پشتیوانی و ئازادکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان چالاکیی ئەنجام بدەن.

هەر ئەمڕۆ لە گوندەکانی دۆڵەکۆتر، سپێرۆ و بەستێ لە بنارتی قەندیل، بە بەشداری بەشێکی زۆری ژنان، چەند چالاکییەک بەڕێوەچوو، کە هەر لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ڤیان بوون، هەروەها لە چالاکییەکاندا پشتگیریی مانگرتنەکانی دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان کرا.

لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف، یان ڤیان سۆران، لە شەوی ١ لەسەر ٢ی شوباتی ٢٠٠٦ لە حەفتانین لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە چالاکییەکی گیانبازییدا شەهید بوو.


ک.ک