عاسیمە زێباری: هۆکاری زیادبوونی دەستدرێژییەکان کلتوری داگیرکەرانە

ژنە چالاکوانێک لە بادینان، دەربارەی زیادبوونی دەستدرێژییە جنسییەکان بەگشتی و منداڵان بەتایبەت، باس لەوەدەکات، کە کاریگەریی کلتوری داگیرکەران و دراما بیانییەکان هۆکارن، دەشڵێت: کۆمەڵگای باوکسالاریی و عەقڵیەتیی حوکمڕانیی و دەسەڵاتیی سیاسیی-ش بەشێکی دیکەی هۆکارەکانە.


بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی توندوتیژیی سەر ژنان، حاڵەتەکانی دەستدرێژیی جنسیی بۆسەر ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە، دەستدرێژیی جنسیی بۆسەر منداڵی کچیش بووە بە دیاردەیەکی بەرچاو و ئەمساڵ دوو حاڵەت لە دهۆک و هەولێر تۆمارکراون و بوون بە ڕۆژەڤی میدیاکان، لەوبارەیەوە عاسیمە زێباری چالاکوانی مەدەنی لە دهۆک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عاسیمە، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو حاڵەتە لە هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە بۆ کاریگەریی زاڵبوونی کلتوری دەوڵەتانی داگیرکەر و کۆمەڵگای باوکسالاریی، هەروەها عەقڵیەتیی حوکمڕانیی و دەسەڵاتیی سیاسیی بە هۆکاری سەرەکیی دەزانێت.

عاسیمە زێباری، زیاتر تیشک دەخاتە سەر دیاردەی دەستدرێژیی سەر منداڵان و بە دیاردەیەکی نامۆ بە کۆمەڵگای کوردیی و دەستدرێژییکارانیش بە دەروون نەخۆش ناودەبات.

ئەو ژنە چالاکوانە، پێیوایە، پەخشکردنی دراما بیانییەکان لە شاشەی تەلەفیزیۆنەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی ئەو جۆرە تاوانانە و تێکدانی دابونەریتی کوردەواریی.

عاسیمە، ڕەخنە لە بێدەنگیی ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرێت لەبەرامبەر توندوتیژییەکانی سەر ژنان و منداڵان و پێیوایە، زاڵبوونی هەژموونی حزب بووەتەهۆی بێدەنگییان، بۆ ئەمەش بەڵگەی هێنایەوە، کە چەندین پیاو تۆمەتبارن بە کوشتنی ژنان، بەڵام دەسەڵات دەیانپارێزێت یان بۆ ماوەیەک زیندانیی کراون و دواتر ئازادیان کردوون.

عاسیمە زێباری، هیوای خواست، کە  چیتر ڕێکخراوەکانی ژنان ڕێگانەدەن حزب بێدەنگییان بکات و وەک کاڵا تەماشایان بکەن.

س.ح