عەزیز ڕەئوف: تورکیا نێچیرڤان وەک موختار و باشور وەک ویلایەتی خۆی دەبینێت

عەزیز ڕەئوف، نووسەر و چاودێری سیاسیی باس لەوە دەکات، کشانەوەی چەکدارانی پارتی لە ناوچەی کانی ماسیی و جێگیربوونی سوپای تورک لە شوێنەکانیان، بە ڕێککەوتن بووە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغاندا، دەشڵێت: ئەردۆغان وەک موختارێک تەماشای نێچیرڤان بارزانی دەکات و باشوریش وەک ویلایەتێکی خۆی دەبینێت.


بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی فورات، شەوی ٢١ی ئەم مانگە، هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق گردی ستراتیژی كانی ماسی و شەش ناوچەیان لەو سنوورە چۆڵکردووە و لە شوێنی ئەوانیش سوپای تورک جێگیربوون، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا عەزیز ڕەئوف، نووسەر و چاودێری سیاسیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عەزیز ڕەئوف لەسەر هەواڵی چۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن هیزەکانی پارتییەوە دەڵێت: ئەمە شۆکمان ناکات، چونکە ئەمە یەکەم کردەوەی لەمجۆرەی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، ئەم هێزە هەموو هێلکەکانی خستووەتە سەبەتەی تورکیاوە، نێچیرڤان بارزانی کە چووەتە ئیستەنبوڵ و لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆبووەتەوە، تەنانەت ئاڵای عێراقیش دانەنراوە، کەواتە ئەردۆغان وەک موختارێک تەماشای نێچیرڤان بارزانی دەکات، پارتی و ئاکەپە یەک ئەجێندا و یەک هەڵسوکەوتن.

ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەکانی پارتییەوە بە سوپای تورک، هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەردۆغان، بە بۆچوونی عەزیز ڕەئوف: هیچ گومانێکی تێدا نییە کە چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە هەیە کە لە ناوچە سنوورییەکان ڕوودەدات، ئەگەر ڕێککەوتن نەبێت چۆن دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، هێزەکانی پارتی ناوچەکانی خۆیان بۆ سوپای تورک چۆڵ دەکەن؟ لە ماوەی ڕابردووشدا دوای سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا ئۆپەراسیۆن لە خواکورک دەستیپێکرد، تورکیا ئەگەر ئۆکەی عێراق و هەرێم نەبێت ناتوانێت هێز بهێنێتە ئەو ناوچانە و ئۆپەراسیۆن بکات،.

ئەو نووسەرە پێشیوایە، کە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پەکەکە نییە، بەڵکو "خەمی گەورەی تورکیا کەرکوک و موسڵە" و دەڵێت: ئەمە بیرۆکەیەکی خراپە پێتوابێ پەکەکە هۆکارە بۆ هێرشەکانی تورکیا، ئەوەی تورکیا دەیکات دیکتاتۆرییەک و خوێنڕێژییەکی گەورەیە و پەیوەندی بە پەکەکەوە نییە، ڕەنگە خەمی گەورەی دەوڵەتی تورک کەرکوک و موسڵ بێت، بە هەمان ئەقڵییەتی سەردەمی ئەتاتورکەوە مامەڵە دەکەن، بۆیەش کە پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات و ئاڵای عێراق و هەرێم دانانێت، وەک ویلایەتێکی خۆی تەماشای دەکات.

عەزیز ڕەئوف بەپێویستیشی دەزانێت، کە لەدژی هێرشەکانی سوپای تورک هەڵوێست وەربگیرێت و دەڵێت: پێویستە ئەم مۆدێلە لە نووسین و چەقبەستوویی کاری ڕێکخراوەیی تێبپەڕێنین و فۆڕمێکی نوێ پێکبهێنین بۆ قسەی جددیی، ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕیی و پاراستنی خاک زیندووبکەینەوە و بەوجۆرە مامەڵە بکەین.

ڕادەستکردنی ئەو ناوچە ستراتیژییانە لەلایەن پارتییەوە بە سوپای تورک لەکاتێکدایە، کە لە ٢٨ی ئایاری ئەمساڵەوە سوپای تورک ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر ناوچەی خواکورک دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا نە عێراق و نە هەرێمی کوردستانیش، هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنە نەبووە.