فشارەکان بۆ سەر ژن نیوز زیاددەکەن

فشارەکان بۆ سەر تەلەفزیۆنی ژن نیوز زیادیان کردووە، پاش ئەوەی دوێنێ دەستیان بەسەر ناوەندی ئاژانسەکەدا گرت لە ئامەد، ئەمڕۆ سکاڵایەک لەدژی بەڕێوبەری ژن نیوز تۆمارکرا.


ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی ژن نیوز بۆ  هەشتەمین جار داخرا، ئەمرۆش بەهۆی ئەو هەواڵانەی بڵاویاندەکاتەوە، تۆمەتی "پروپاگەندە بۆ ڕێکخستنی قەدەغە" خرایە پاڵ سەفییە ئاڵاگاش، بەڕێوبەری ئاژانسەکە و سکاڵا لەدژی تۆمارکرا.

داواکاری گشتیی دادگای کۆماریی ئامەد ئەو سکاڵایەی تۆمارکردووە و وابڕیارە دانیشتنی دادگاکەی ڕۆژی ١١ی دیسەمبەر بەڕێوەبچێت.

لە سکاڵاناماکەدا باس لە وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و شەڕڤانانی یەپەژە لە ئاژانسەکەدا کراوە، هەروەها باسکردن لە هێرشی سوپای تورک بۆ سەر عەفرینیش وەک تۆمەت خراوەتە پاڵ ئاژانسەکە.

داواکاری گشتی دادگای کۆماریی ئامەد داوای پێنج ساڵ زیندانی بۆ سەفییە ئاڵاگاش کردووە.

ب.ل