قائیمقامە تورکمانەکەی خورماتوو لە هەولێرە و عێراق بەدوایدا دەگەڕێت

قائیمقامی خورماتوو کە لە حزبە تورکمانەکانە، دوای بیست ڕۆژ له‌ته‌واوبوونی موڵه‌ته‌كه‌ی تا ئێستا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ركاره‌كه‌ی و دیاریش نییه‌ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پۆلیسی ده‌ڵێت، ‌به‌هه‌ڵهاتوو له ‌یاسا لەقەڵەم دەدرێت و قائیمقامی به‌ وه‌كاله‌تیش ده‌ڵێت، داوای ١٥ ڕۆژی موڵه‌تی دیكه‌ی كردووه‌.


به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیی كردن له‌ پۆستی پشووتری، کە به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، بووە، له‌ كۆتایی مانگی ٩ی ئەمساڵ، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ دكتۆر حه‌سه‌ن زه‌ین ئه‌لعابدین قائیمقامی شارۆچكه‌ی خورماتوو ده‌كرد، دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌، به‌ بیانووی گه‌شتكردن ناوبراو موڵه‌تی ٢٠ ڕۆژی له‌ پارێزگاری سەڵاحه‌دین وه‌رگرت، پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیس خۆرماتوو بە ڕۆژنیوزی وتبوو، کە قائیمقام خۆی گەیاندووەتە هەولێر.

دوای دەرچوونی لە خورماتوو، هێزه‌كانی دژە تیرۆری عێراق و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و پۆلیس، ده‌ستیان به‌گه‌ڕان به‌دوایدا کرد و هه‌ڵیانكۆتایە  سه‌ر ماڵه‌كه‌ی و شوێنی ده‌وامه‌كه‌ی.

تالیب محه‌مه‌د، کە ئێستا بە به‌وه‌كاله‌ت کراوەتە قائیمقامی خورماتوو، به‌ ڕۆژنیوزی وت، قائیمقامی خورماتوو موڵه‌ته‌ بیست ڕۆژییەكه‌ی كۆتایی هاتووه‌ و تا ئێستا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و شوێنیشی نادیارە‌، بەڵام "داوای ١٥ ڕۆژ موڵه‌تی دیکەی كردووه‌‌، ئەوەی من ئاگاداربم تا ئێستا پارێزگار وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌ كه‌ موڵه‌تی پێ ده‌دات یان نا ، ئه‌گه‌ر موڵه‌تی بدات چاوه‌ڕێ ده‌كرێت تا ١٥ ڕۆژه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر موڵه‌تیشی نه‌دات، ئه‌وه‌ به‌ پێی یاسا پارێزگار ده‌توانێت كه‌سێكی دیكه‌ وه‌ك قائیمقامی شارۆچكه‌كه‌ دابنێت و ئه‌و به‌ فه‌رمی لابدات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و كاته‌ش پرس به‌ لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان بكات چونكه‌ نوێنه‌ری ئه‌وانه‌".

لەسەر هەمان دۆسییە، عه‌مید حسێن عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خورماتوو، بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ی كرد و، وتی: فه‌رمانی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی قائیمقامی شارۆچكه‌ی خورماتوو تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ستگیرده‌كرێت كاری پێده‌كرێت و هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ و پۆلیس و هێزه‌ ئه‌مینه‌كان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن له‌ هه‌ر جێگایه‌ك بیبینن ده‌ستگیری ده‌كه‌ن، بڕیاره‌كه‌ ته‌نها له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری پێی ناكرێت.

بەڕێوەبەری پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئه‌و موڵه‌ته‌ یاساییه‌ی داوایكردووە كۆتایی پێ هاتووه‌ و له‌ "ئێستادا به‌ هه‌ڵهاتوو له‌ ده‌ستی یاسا ئه‌ژمار ده‌كرێت".

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕۆژنیوز دراوە، پرسی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كانی دكتۆر حه‌سه‌ن زه‌ین ئه‌لعابدین، په‌یوه‌ندی به ‌ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كانی توركمانی شیعه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و لایه‌نانه‌ی ناكۆكییه‌كه‌یان دروست كردووه‌، ده‌یانه‌وێت به‌رپرسێكی سه‌ربازی و سیاسی حه‌شدی توركمانی بكه‌نه‌ قائیمقامی شارۆچكه‌كه‌.

لە ڕۆژی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كه‌ی قائیمقامه‌وه‌، پاسه‌وانه‌كانی و ئه‌و كه‌سانه‌ی نزیكی خۆی بوون و له‌گه‌ڵی ده‌وامیان کردووە نهچوو‌نه‌ته‌ سه‌ركاره‌كانیان.

س.ح