كفری، خەڵاتی سەربەرزیی بەخشرایە ژنێكی بەجێماوی ئەنفال

لە شارۆچكەی كفری، مەراسیمێكی تایبەت بە یادی ٣١ ساڵەی تاوانی ئەنفال بەڕێوەچوو، تێیدا ژنە بەجێماوێكی ئەنفال، خەڵاتی سەربەرزی پێبەخشرا.


بەیانی ئەمڕۆ، كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی گەرمیان، لەناو بینای كۆلێژی كشتوكاڵ لە شارۆچكەی كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە نوێنەری حكومی و حزبی و كەسوكاری ئەنفالكراوەكان، ژمارەیەك چالاكی تایبەت بە یادی ئەنفال ئەنجامدرا.

بەر لەدەستپێكردنی مەراسیمەكە، پێشانگایەكی فۆتۆگرافیی دیكۆمێنتاری، بۆ ڕۆژنامەنووس و چالاكی بواری ئەنفال، سمكۆ سابیر كرایەوە، كەسەرجەم ئەو وێنانەی لە پێشانگاكەدا نمایشكران، گوزارشتیان لە تاوانی ئەنفال دەكرد.

مەراسیمەكە، بە چەند خولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، دەستی پێكرد، دواتر  وتاری مەراسیمەكە لە لایەن د. كەنعان مەدحەت، ڕاگری كولێژی كشتوكاڵەوە، خوێندرایەوە و تێدا باسی لە ئەنفال و قۆناغەكانی كرد.

پاشان، فیلمێكی بەڵگەنامەیی بەناوی، 'فرمێسك ئومێد دەچێنێت'، نمایشكرا و فاتیح سەلام، شاعیر، دەقێكی شیعری خۆی تایبەت بە ئەنفال، پێشكەش بە ئامادەبووان كرد، هەروەها  خەڵاتی سەربەرزیی بەخشرایە ژنێكی بەجێماوی ئەنفال، لە بڕگەی كۆتایی مەراسیمەكەشدا، پانێڵێك لەسەر پرسی ئەنفال پێشكەشكرا.

ك.س