كچانی یانەی ئاشتی دەخوێنن و وەرزشیش دەکەن

لە ماوەی ڕابردوودا تیپی تێنسی سەرمێزی کچانی یانەی ئاشتی، پاڵەوانیەتیی عێراقیان بردەوە و سەرکەوتن بۆ بەشدارییكردن لە پاڵەوانیەتیی وڵاتانی عەرەبی، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، چارەنووسی بەشداریکردنیان لە پاڵەوانیەتیی عەرەبی نادیارە.


تیپی تێنسی سەرمێزی کچانی تازەپێگەیشتووانی یانەی ئاشتی لە شاری سلێمانی، لە ١٦ی ئەم مانگە بەشدارییان لە پاڵەوانیەتیی تێنسی سەرمێزی یانەكانی عێراق كرد، توانیان پلەی پێنجەم بەدەستبێنن و نوێنەرایەتیی عێراق بكەن لە پاڵەوانیەتیی یانەكانی وڵاتانی عەرەبی، كە بڕیارە لە ڕۆژانی ١٦-١٧ی مانگی داهاتوو لە عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەبچێت، بەڵام دیار نییە باری دارایی یانەكە ڕێگە بە تیپەكە دەدات بەشداریی بكات یان نا، بەو پێیەی ئەگەر یارمەتیی سەرمایەداران نەبوایە، نەیاندەتوانی لە پاڵەوانیەتیی یانەكانی عێراقیش بەشداریی بكەن.

یانەكانی باشووری كوردستان بە گشتی، لەدوای قەیرانی داراییەوە، كە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد، تووشی گرفتی دارایی بوون و لەوكاتەوە حكومەتی هەرێم وەكو پێویست هاوكارییان ناكات، یانەی ئاشتی-ش بەدەر نییە لەم دۆخە، بەوتەی خۆیان، تەنها مەلەوانگەیەكیان هەیە، كە وەكو سەرچاوەی دارایی پشتیپێدەبەستن.

شاخەوان جەمال ڕاهێنەری تیپی تێنسی سەرمێزی كچانی یانەی ئاشتییە، بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی:"قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان پاشەکشێی بە ئێمەش کردووە، یەکێتیی تێنسی سەرمێزی کوردستان وەک ساڵانی ڕابردوو نەیتوانیوە چالاکییەکانی ئەنجامبدات، چونکە یانەكان پەیوەستن بە یەکێتییە وەرزشییەکانەوە، بۆیە ئاستەنگییەکانمان زیاتر مادییە".

شاخەوان جەمال-ی ڕاهێنەر لە ساڵی ١٩٩٤-ەوە بووەتە یاریزانی تێنسی سەرمێز و ماوەیەكی زۆریشە وەكو ڕاهێنەر كاردەكات، بەوتەی ئەو، بەشداریی کچان لە یارییە جۆراوجۆرەكاندا باشە و دایکان و باوکان هاوکارن و هانیاندەدەن بۆ هاتنە ناو بوارە جیاجیاكانی وەرزشەوە، بۆیە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو هاتنی كچان بۆ وەرزشكردن ڕووی لە زیادبوونە.

زارا محەمەد-ی تەمەن ١٥ ساڵ، یەكێكە لە یاریزانانی تیپی تێنسی سەرمێزی كچانی تازەپێگەیشتووانی یانەی ئاشتی، ئەو توانیوێتی لەسەر ئاستی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی هاوئاستەكانی خۆی بەدەستبێنێت، پشتگیریی باوكیشی لەبەرچاوە بۆ ئەو سەركەوتنانەی بەدەستیهێناون. دەشڵێت:"ئەم وەرزشە هیچ گرفتێکی بۆ دروستنەکردووم، هیوام ئەوەیە زۆر پێشبکەوم و لە زۆربەی پاڵەوانیەتییەکاندا بەشداری بکەم".

تیپی تێنسی سەرمێزی کچانی تازەپێگەیشتووانی یانەی ئاشتی لە پێنج کچ پێكهاتووە كە تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵە، لە هەفتەیەكدا چوار ڕۆژ بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ڕاهێنان دەكەن، بەو پێیەی تایبەتمەندیی ئەم وەرزشە بەشێوەیەکە، کە نابێت یاریزانان لە ڕاهێنان و یاریكردن داببڕێن، ئەم تیپە توانیویانە شەش جار لە سەر ئاستی سلێمانی و هەرێمی کوردستان ببنە پاڵەوانی تۆپی سەرمێزی كچان.

یانەی ئاشتی لە ساڵی ۱۹۹۳ لە شاری سلێمانی دامەزراوە، لەگەڵ دامەزراندنیشیدا تیپی تێنسی سەرمێزی دروستكردووە، كە لەئێستادا ٢٠ یاریزانی كوڕ و كچ لە ئاستە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت، حەوت کچ و ١٣ کوڕ، جگە لەم یارییە، یانەکە تیپی جیاوازی یارییەكانی دیكەشی هەیە، وەكو تۆپی پێ، باسکە، بالە، نیشانشکێن و چەند یارییەكی دیكە.

د.ع