كۆمیتەی نێونەتەوەیی ژنانى کورد سەردانی مانگرتوانیان كرد

شاندێكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی ژنانى کورد سەردانی مانگرتوانی نوێنەرایەتى هەدەپە- یان كرد لە شاری هەولێر و پاڵپشتی خۆیان بۆ مانگرتوان دووپاتكردەوە، هەروەها داوایان لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کرد، کە بێدەنگى بشکێنن دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگى لەی گوڤەن و مانگرتووانى دیکە.


لە چوارچێوەی دەربڕینى پالپشتیەكان بۆ مانگرتوانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان، ئەمڕۆ شاندێكی كۆمیتەی نێو نەتەوەیی ژنان کورد سەردانی مانگرتوانیان كرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ دووپاتكردنەوە.

قورمریە بەرزنجی، ئەندامی كۆمیتەی نێو نەتەوەیی ژنانى کورد، بەیاننامەیەکى بەناوى کۆمیتەى نێونەتەوەیى ژنانى کوردەوە خوێندەوە، کە تێدا هاتبوو: وەكو كۆمیتەی نێونەتەوەی ژنانی كورد،پشتگیریی مانگرتنى لەیلا گوڤەن، دەکەین، کەماوەى ٨٧ ڕۆژە قوربانى بە ژیانى خۆى داوە بۆ ئەوەى ویژدانى مرۆڤایەتى خەبەرى بێتەوە.

لە درێژەى بەیاننامەکەدا هاتبوو: ئەرکى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییە، کە داکۆکى لە مافى نەتەوەکان و مافەکانى مرۆڤ و پێشێلکارى بەزاندنى سنورەکان بکات لەلایەن دەوڵەتە پاوان خوازەکانەوە، ئەوەى ئێستا دەوڵەتى تورکیا دەیکات، پێچەوانەى هەموو بنەماکانى مافى مرۆڤ و مافى گەلانە، بۆیە داوا لە هەموو ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە بێدەنگى بشکێنن و دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگى لەیلا گوڤەن و مانگرتووانى دیکە.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، كۆمیتەی نێو نەتەوەیی ژنانى کورد، داوا لەسەرجەم ژنانى کورد دەکەن، دەنگیان بخەنە باڵ دەنگى ئەوان و دەڵێن: یەکخستنى دەنگى ژنانى کورد و پشتگیریکردنى داواکاریی لەیلا گوڤەن، واتاى ڕووبەڕووبوونەوەى ستەمە.

د.ع