كۆڕبەندی هاوبەشی ژنان لە هەولێر بەڕێوەچوو

بۆ قسەكردن لەسەر شێوازی دابینكردنی بودجە بۆ خزمەتگوزارییەكانی ژنانی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر كۆڕبەندی هاوبەشی ژنان لە كوردستان دەستی بەكارەكانی كرد.


ئەمڕۆ لە هوتێل عەنكاوە ڕۆیاڵ، لە شاری هەولێر بە بەشداری نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتە و ئایینەكان لە هەرێمی كوردستان، کۆڕبەندێک بۆ قسە کردن لە بارەی شێوازی دابینكردنی بودجە بۆ خزمەتگوزارییەكانی ژنانی كوردستان بەڕێوەچوو.

ئەحمەد كاوانی، ڕێكخەری پڕۆژەكە بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پرۆژەكە هەموو لایەنە یاساییەكان و داراییەكان دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی پرۆژەكانی بواری ژنان لە كوردستان لە بودجەدا جێگیربكرێت و دواتر شێوازی جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان قسەی لەسەر دەكرێت.

وتیشی: ژنانی لایەنەكان و پێكهاتە و ئاییینەكان، خۆیان قسە لەسەر پێویستی پرۆژەكان و شێوازی جێبەجێكردنیان دەكەن و خۆیان داواكارییەكان بەرز دەكەنەوە.

بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆڕبەندێکی دیکەی بەرفراوان بە بەشداری سەرجەم ژنانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و دواتر ڕاسپاردە و ئەنجامەکانی کۆڕبەندەکە ڕادەستی حکومەتی هەرێم دەکرێت.

ک.س