كەمیی ڕێژەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا لە عێراق نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە

ئەگەرچی بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق دەبوو ٢٥٪ی تەواویی پۆستە سیادییەکانی عێراق ژن بن، بەلام وەک ژنان دەڵێن ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە،


لە ساڵی ٢٠٠٧ پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی پەسەند کرد، کە تێیدا دەبوو لە ناوەندی بڕیاردا ٢٥٪ی ژنان پێکیبهێنن، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە، هەربۆیە نیگەرانیی ژنانی لێکەوتووەتەوە، لەوچوارچێوەیەدا ژنان لە کەرکوک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئەسمەرە لەتیف چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان، نیگەرانە لەوەی ڕێژەی ژنان هیچ زیادی نەکردووە، دەشپرسێت: باشە ئەمە بۆ؟ ژنیش چالاکە توانای هەموو شتێكی هەیە، بۆ ڕێژەی پیاو بەردەوام زیاد دەکرێت و ژنان نا؟.

لەسەر هۆکارەکان ئەسمەرە دەڵێت: یەكەم بۆ پیاوسالاری دەگەڕێتەوە، دووەم متمانەیان بەوە نییە كە ژن سەركەوت و دەبێت لە كارەكانیدا، یانیش ژن باشتر لەوان ئیش دەكات بۆیە بشتگوێی دەخەن.

هەروەها ژیان حەمید لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتی ژنانی كوردستان، وتی: دەبێت داوا بکەین هەبوونمان هەبێت و لە پیاو کەمتر نەبین، دەبێت ئێمە كاری خۆمان بكەین و بێینە پێشەوەو بڕوامان بەخۆمان هەبێت، کە بڕوات بەخۆت هەبوو هیچ شتێک ناتوانێت ڕاتبگرێت.

ژیان حەمید دەڵێت:"هیچ یاسایەك نییە كە داكۆكی لە مافەكانی ژنان بكات تا بتوانم بە یاسا داوای مافی خۆم بكەمم، بێ یاسایی بەجۆرێکە کە كێشەیەكیشت هەبێت هیچ دادگایەك بە تایبەتی لە كەركوك پشتگیری لە مافەكانی ژنان ناكات، بگرە پێشێلیش دەکرێت مافەكانمان".

ئەڵماس فازڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق- لە فراکسیۆنی یەکێتی، نیگەرانەی لە پشتگوێ خستنی مافەکانی ژنان لە عێراق و دەڵێت:"ئەوەی عێراق بیری لێ نەكاتەوە مەسەلەی جێندەرە و ئەمە ڕاستی وڵاتەكەی تۆیە".

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، كەركوك ڕێژەكەی باشترە لە چاو پارێزگاكانی خواروی عێراق، "ڕاستە ژنان تا ڕادەیەك هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام زاڵی بابەتی ئاین و جیانەكردنەوەی دین لە دەوڵەت، نەبوونی شێڵتەر سەبارەت بە كێشەكان، نەبوونی یاسایەك كە باری كەسێتی جیابكاتەوە، هۆکارن بۆ کەمیی ئامادەبوونی ژن".

ئەڵماس فازل وتیشی: داوای ئەوەمان كردوە كە رێژەی ٢٥٪ چۆن جێگیربووە لە پەرلەمانی عێراق لە دەسەڵاتەکانی دیکەش جێگیربێت، بە تایبەتی لەپلەی بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیرەكان.

س.ح