لێبووردنی گشتی، یاسایەک بۆ درێژەدان بە تاوان

توندوتیژیی و دەستدرێژییکردنە سەر منداڵان بووەتە حاڵەتێکی زەق لە باشوری کوردستان و کەمترین جاریش دەبیدرێت، کە تاوانبار سزای تەواوی خۆی وەربگرێت، ئەمەش بە هۆکارێکی زیادبوونی تاوانەکان ئەژمار دەکرێت، لێبووردنی گشتییش بە یاسایەک بۆ درێژەدفان بە تاوان دەزاندرێت.                                       


بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٣٧ حاڵەتی دەستدرێژیی جنسیی تۆمارکراوە.

جیاواز لەو ئامارە دوو حاڵەتی دەستدرێژییکردنە سەر منداڵ بوو بە ڕۆژەڤی میدیاکان و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوانیش کوشتنی منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ بوو لە دهۆک بەناوی دلین وەلید، لە ڕۆژی ٥/ئەم مانگە، لەلایەن پیاوێکی تەمەن ٤٧ ساڵەوە، دوای ئەوەی منداڵەکە ڕێگای نەدابوو دەستدرێژیی بکاتەسەر، هەروەها دەستدرێژییکردنە سەر منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵان بوو لە هەولێر لەلایەن دوو پیاو و بەهاوکاریی دووژن و ئازادکردنی تاوانبارەکان بوو  ١٧/٦/ ٢٠١٩، کە دوای بەڕۆژەڤکردنی، دەستگیرکرانەوە.

ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتەدا لەزاری کەسانی شارەزاوە هۆکارەکانی زیادبوونی دەستدرێژیی سەر منداڵان و ڕێگا یاساییەکان بۆ سزادانی تاوانباران دەخاتەڕوو.

"میدیا سفرەیکی قێزەونی بۆ ماڵان ڕاخستووە"

شیلان حەمەنووری، دەروونناس خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی لادانی کۆمەڵایەتیی ناودەبات، کە ڕێگایەکی ئاسانە بۆ لەخشتەبردنی منداڵ، هەروەها ڕەخنەی جدیی لە میدیاکان گرت و وتی: میدیا سفرەیەکی زۆر قێزەونی بۆ ماڵان ڕاخستووە و زۆر بابەتی نەشیاو دەخاتە بەردیدی خەڵک، بەتایبەت لەڕێگای پەخشکردنی ئەو فیلمانەوە، کە نامۆیە بە پەروەردەی خێزانی کورد.

"حزب وەک چەتر تاوانبار دەپارێزێت"

شیلان حەمەنووری، لە بەردەوامیی خستنەڕووی هۆکارەکانی زیادبوونی تاوانەکاندا باسی لە سەروەرنەبوونی دادگاکان کرد و وتی: تاوانبار ناگاتە قۆناغی سزادان، لە سەرەتای دادگاییکردندا دەردەچن، بەهۆی ئەوەی کە حزبی گەورە یاخود کەسانی گەورەیان لە پشتە و هەر ئەوانیش وەک چەترێک تاوانبارەکان دەیانپارێزن.

"لێبووردنی گشتیی تاوانبار دێنیتەوە ناو کۆمەڵگا"

یاسای لێبووردنی گشتیی، کە بەهۆیەوە ساڵانە سەدان تاوانبار ئازاد دەبن، بەهۆکارێکی دیکە دەزاندرێت و شیلان لەوبارەیەوە وتی: بەهۆی ئەو یاسایەوە بکوژ دووبارە دێتەوە ناو کۆمەڵگا، ئەمەش وادەکات تاوانەکان زیاتر بن.

"دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنەسەر خەت"

ڕووناک ڕەفیق، میدیاکار، دەستدرێژیی سەر منداڵان بە مەترسیی گەورە بۆسەر هەموو منداڵان دەبینێت و بە پێویستی دەزانێت، ڕێکخراوەکانی پارستنی مافی منداڵ، حکومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەرخەت، لە هۆکارەکانی زیادبوونی ئەم دیاردەیە بکۆڵنەوە و کار بۆ ڕێگەلێگرتنی بکەن.

ئەو میدیاکارە، ڕەخنەی لە میدیاکان-یش گرت، کە کەمتر گرنگیی بەو بابەتانە دەدەن و کار بۆ بەرنگاربوونەوەی دەکەن، وتیشی: دەبێت ڕاگەیاندنەکان هاوڵاتیان لە مافەکانیان ئاگادار بکەنەوە.

"نابێت تاوانبار بە کەفالەتیش ئازاد بکرێت"

سەبارەت بە سزای ئەو کەسانەی دەستدرێژیی جنسیی ئەنجام دەدەن، کاردۆ ڕەزا، پارێزەر ئاماژەی بە یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی سزادانی عێراقیی کرد و وتی: لە ماددەی ٣٩٣  یەکلایی کراوەتەوە، کە هەر کەسێک دەستدرێژیی بکاتە سەر منداڵ، یان تاوانبار دوو کەس و زیاتر بن، یان کەسانی نزیکی قوربانییەکە بن، دادگا دەتوانێت سزای سێدارەیان بۆ دەرکات و نابێت ئەو کەسانەی کە ئەو تۆمەتانەیان دراوەتە پاڵ بە کەفالەتیش  ئازاد بکرێن.

وەک ئەو پارێزەرە باسیکرد، هەر لەو ماددەیەدا ڕوونکراوەتەوە، دەستدرێژییکردنە سەر کەسانی سەروو ١٨ ساڵ سزاکەی لە زیندانییکردنی کاتیی واتا لە ٥ ساڵ تا ١٥ ساڵ دەستپێدەکات تا زیندانیی هەمیشەیی کە ٢٠ ساڵە و سزاکە بەپێی حاڵەتەکان دیاریی دەکرێت.

"یاسا لە ئاستی داواکاریی خەڵکدا نییە"

کاردۆ ڕەزا، پشتگیریی ئەو بۆچوونەی کرد، کە یاسای لێبووردنی گشتیی هۆکارێکە بۆ زیادبوونی تاوانەکان و وتی: بەداخەوە یاسای لێبوردنی گشتیی وەک نەریتێکی لێهاتووە، کە تاوانبار ئازاد دەکرێنەوە و وادەکات دووبارە درێژە بە تاوانەکانیان بدەن، بۆیە یاسا لە ئاستی داواکاریی خەڵک و ڕێکخراوەکان و بەرگرییکردن لە مافی مرۆڤ نییە.

"دادوەر ناتوانێت قسەی سەروو خۆی ڕەتبکاتەوە"

ئەو پارێزەرە نەیشاردەوە، کە ئەگەرچی، بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی دادگا دەبێت سەربەخۆ بێت و یاسا سەروەر بێت، بەڵام "بەداخەوە لەناو دادوەراندا هەیە کاریگەری کەسانی دیکەیان لە سەرە و ناتوانن ڕەتیبکەنەوە".

دەقی یاسای لیبووردنی گشتیی

ش.ف