لەئێران ١٦٥هەزار ژن گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرن

ساڵانە چەندین کەس لە وڵاتی ئێران گررۆدەی ماددەی هۆشبەر دەبن، بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری هرانا، لە ئێستادا ١٦٥ هەزار ژن گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرن لە ئێران، ئەوە لەکاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو بەپێی ئاماری ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەری ئێران، ١٥٦ هەزار ژن لە ئێران هەبوون کە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەربوون.


ئەمڕۆ ماڵپەڕی هرانا، ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و بەپێی ئەو ئامارە ١٦٥هەزار ژن لە ئێران گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرن کە هەزار و ٥٠٠ کەسیان دەکەونە تارانی پایتەخت و ٢٢ ناوچەی نزیک لە شاری تاران.

بە پێێ ئەو بەدواداچوون و چاوپێکەوتنانەی ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە کە هەندێکی لەزاری قوربانییەکانەوە وەرگیراوە، هۆکاری زیادبوونی ئەو کەسانەی گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر دەبن، بریتییە لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بارودۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی جێگای مانەوە، هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو ژنانەی گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بوون تەمەنیان لەنێوان (١٨ بۆ ٨٠) ساڵدایە.

بە پێێ ئامارێکی ساڵی ڕابردوو، کە حەمید سەرامی سەرپەرشتیاری ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ڕایگەیاندبوو، لە ئێران ٢ ملیۆن و ٨٠٢ هەزار و ٨٠٠ بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر هەبووە کە ١٥٦ هەزار کەسیان ژن بووە و بە بەراورد بە ئەمساڵ ئامارەکە بە ڕێژەی ٩ هەزار بەرزبووەتەوە.

د.ع