بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان، لەسەر گڵکۆی ژنانی بێ ناونیشان گوڵ دانرا و ژنان ڕایانگەیاند، دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی یەکتر و تواناکانمان دەخەینەگەڕ، خەباتکردن لەدژی توندووتیژی تەنها بە یەکگرتن دەبێت.
ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی، مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەنەکە، مەراسیمێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان لە سەر گۆڕستانی بێ ناونیشانەکان ئەنجامدا و گوڵیان لەسەر گڵکۆکانیان دانا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی ئەو ژنانەی کە لەسەر ناوی شەرەف کوژراون دەستیپێکرد.
دواتر وتاری مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان لەلایەن فریا عەبدوڵاوە خوێندرایەوە و تێیداهاتبوو، وەک ناڕەزایەتییەک دژی توندووتیژی و ژن کوشتن هاتووین دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی یەکتر و تواناکانمان دەخەینەگەڕ، خەباتکردن لەدژی توندووتیژی تەنها بە یەکگرتن دەبێت.
وەک لە وتاری مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکاندا هاتبوو، پێویستە حکومەت و ڕیکخراوەکان تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ سزادانی ژن کوژان و ئەو کەسانەی کە توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن، دەبێت جیاکاری ڕەگەزیی و ترس و تۆقاندن و ڕێگری لە ماف و ئازادیی ژنان ڕابوەستێت و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی لە پەرلەمان هەمواربکرێتەوە.
هەروەها لە کۆتاییدا لەلایەن ئامادەبوانەوە گوڵی سپی لەسەر گۆڕی ژنانی بێ ناونیشان دانرا.
س. س