لەو شوێنانەی شەڕ ڕوودەدات، ژن باجی دەداتەوە

سەنتەری یەکسانی جێندەری لە چوارچیوەی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە زانکۆی سلێمانی سمینارێکی بەڕێوەبرد.


ئەمڕۆ سەنتەری یەکسانی جێندەری لە هۆڵی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی سلێمانی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە بەشداری سەدان کەس (مامۆستای زانکۆ، پرۆفسۆر، دکتۆر، خوێندکار، ژنانی گەنجی تێکۆشەر و نوێنەری ڕێکخستنەکان) سمینارێکی بەڕێوەبرد.

سمینارەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد و عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵایەتی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، د. سەیران بەرزنجی مامۆستای زانکۆ و پرشا ئەبوبەکر و بەهار مونزیر، چالاکوان و خوێندکارانی زانکۆ قسەیان کرد.

دوای ئەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر ٢٥ی نۆڤەمبەر خوێندرایەوە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لەسەر توندوتیژی دژی ژنان قسەیکرد و وتی: ئەگەر سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە لە سایەی ڕەنج و ئازادی ژنانە، ئەگەر ئازادی ژن، ژنانی شەڕڤان، گەریلا، پزیشک، ئەندازیار و هەروەها پێنووسی ژنان و هەڵبەستی ژنان نەبوایە، سلێمانی نەدەبوو بە شاری ڕۆشنبیری و وێژە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر هەروەها ئاماژەی بە هەوڵدانەکانی سەنتەری یەکسانی جێندەری لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە کرد و بە گرنگی زانیی و وتی: "پێویستە ئەم هەوڵدانە بەردەوام بێت".

ماموستای زانکۆ د. ناسک بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و باسی لەسەر دامەزراندن و ڕابردووی زانکۆی سلیمانیی کرد.

هەروەها د. سەیران بەرزنجی قسەیکرد و وتی: لەدژی توندوتیژی لەسەر ژنان پێویستە هەموو کەسێک ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەری، جێبەجێی بکات، لە شەڕدا ژنان دەبنە قوربانی و لەو شوێنانەی شەڕ ڕوودەدات، ژنان باجەکەی دەدەنەوە.

هێمن عەبدولکەریم، لە بەرپرسانی زانکۆی سلێمانیش ئاماژەی بەوەدا کە هەموو کەسێک دەتوانێت لەسەر توندوتیژی سەر ژنان قسە بکات، بەڵام جێبەجێکردنی زەحمەتە و وتی: پیاوان زۆرجار بە بیانوی شەرەف، ناموس و کلتور، بەرامبەر ژنان توندوتیژی دەکەن، بەڵام ئەمە قبوڵکراو نییە.

ک.س