لەڕۆژی ئاشتی-دا ئاسایشی پارتی هێرشی کردە سەر دایکانی ئاشتی

کۆمەڵێک لە (دایکانی ئاشتی) کامپی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، ویستیان سەردانی ئاسایشی هەولێر بکەن، بۆ ئەوەی گەمارۆی سەر کامپەکەیان بشکێنن، بەڵام لەلایەن بازگەیەکی نزیک کامپەکەیانەوە ڕێگرییان لێکرا و هێرشکرایە سەریان.


لەدوای ئەو ڕووداوەی کە لە ڕۆژی ١٧-٧-٢٠١٩ لە ڕێسۆرانتی هۆقەباز، لەشاری هەولێر ئەنجامدرا و تێیدا بەرپرسێکی میتی تورک بەناوی ( عوسمان کۆسە) کوژرا، ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، ناهێڵێت هیچ کەس هاتووچۆی دەرەوەی کامپەکە بکات.

ئەمڕۆ، کۆمەڵێک لە دایکانی ئاشتی، ویستیان سەردانی بەڕێوبری ئاسایشی هەولێر بکەن، بۆ ئەوەی یاداشتێکی بدەنێ بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کامپەکەیان، بەڵام لەلایەن بازگەیەکی ئاسایشی پارتی لە نزیک کامپەکە ڕێگرییان لێکرا، دواتر ویستیان لەگەڵ بەرپرسی بازگەکە کۆببنەوە ڕێگەی ئەوەشیان پێنەدرا.

هەروەها لەلایەن کارمەنداکانی بازگەکەوە هێرش کرایە سەر دایکانی ئاشتی و سوکایەتییان پێکرا، ویستیان بە زەبری هێز دووریان بخەنەوە، لە دژی هێرشەکان دایکانی ئاشتی لەبەردەم بازگەکەدا چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا و هەتا ئێستاش چالاکییەکەیان بەردەوامە.

د.ع