لەیلان: دەبێت یەکگرتووییەکەی ئیمپراتۆرییەتی میدیا زیندووبکەینەوە

ژنە نووسەر و مێژووناس لەیلان پێشنیارەکەی موراد قەرەیلان بە "پیرۆز" ناودەبات و بە گرنگی دەزانێت، کە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد، دەشڵێت: دەبێت لایەنە سیاسییەکان دەرس لە میژوو وەربگرن و یەکگرتووییەکەی ئیمپراتۆری میدیا زیندوو بکەنەوە.


موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە شەوی ٥ی ئەم مانگە، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی، پێشنیاری کرد کە هونەرمەند، نووسەر و کەسایەتییە بێلایەنەکانی کوردستان لەڕێگای کەنەکەوە کۆمسیۆنێک دابمەزرێنن و لەگەڵ هەموو پارتە کوردییەکان کۆببنەوە و داوایان لێبکەن کە لەسەر هێڵی یەکێتی نەتەوەیی یەکبگرنەوە.

شەفیقە عەلی، ناسراو بە لەیلان، ژنە نووسەر و مێژووناس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، پێشنیارەکەی قەرەیلان بە پیرۆز ناودەبات و بەپێویستی دەزانێت، کە "دەبێت ڕۆشنبیران ڕۆڵبگێڕن، ئەوان خوێنەرن و دەزانن ئەم کوردستانە چۆن پارچە پارچە کراوە و چۆن داگیرکراوە، من خۆشم ئامادەم بەشداریی بەشداریی لە هەر هەوڵێکدا بکەم کە بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد بێت".

ئەو ژنە مێژووناسە دەشڵێت: لە هەرکاتێکدا کە کورد گەیشتبێتە قۆناغیی سەربەخۆیی، خیانەتکاریی لەناوخۆدا هەڵکەوتووەوە و بووەتە هۆی لەدەستچوونی هەلەکان، بۆ نموونە لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی میدیا کە شۆڕشی دیاکۆ کردی بە ئیمپراتۆرییەت، خیانەتی کۆڕش بووە هۆی لەناوچوونی.

لەیلان بە پێویستی دەزانێت، کە لایەنە سیاسییەکان "دەرس لە مێژوو وەربگرن و چیتر مێژووی خیانەتکاریی بەسەر کورد-دا دووبارە نەبێتەوە"، دەشڵێت: با وەک دیاکۆی ئیمپراتۆری میدیا یەکگرتوویی دروستبکەن و نەفرەت لە خیانەتکاریی کۆڕش ئاسا بکەن.

ئەو ژنە نووسەر و مێژووناسە دەشڵێت: ئێمە بە ئاواتەوەین بستێک خاکی ئەم کوردستانە داگیرکەری تێدا نەمێنێت، هەوڵبدەین لە هەر بستێکی ئەم خاکە بیانکەینە دەرەوە، چەندەها بنکەی داگیرکەر لە کوردستان هەیە، بۆیە ڕۆشنبیران دەبێت هەوڵبدەن لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان کە بڕیاری دەکردنی بنکەکانی تورکیا و ئێران بدرێت.

ب.ل