لەیلا گوڤەن پەیامێکی بڵاوکردەوە

لەیلا گوڤەن، بەبۆنەی ڕۆژی دایکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دایکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی سیاسەتمەدارەکان نەیانتوانی چارەسەری بکەن، گیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە.


لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە کە ١٨٦ ڕۆژە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەی بێسنوور مانی لەخواردن گرتووە، بەبۆنەی ڕۆژی دایکان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لەیلا گوڤەن، پەیامەکەی لەگەڵ وێنەی ئەو دایکانەدا بڵاوکردەوە، کە ڕۆژانە دژ بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕیبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، لە چالاکییدان و لەلایەن پۆلیسی تورکەوە ئەشکەنجە دەدرێن.

دەقی پەیامەکە:

"با کەس بەو قسە دڵسۆزانانە لەدژی تۆندوتیژیی بەرامبەر دایکانی کورد، ویژدانی خۆی ڕەحەت نەکات، ئەو دایکانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی سیاسەتمەدارەکان نەیانتوانی چارەسەری بکەن، گیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و ڕێگایەکی نوێ پیشانی ئێمە دەدەن، ئەوەی دەکەوێتە سەر ئێمە، ئەوەیە کە لەسەر ئەو ڕێگایە بڕۆین، با سۆز و پەیمانی ئێمە پێکهێنانی ئاشتییەکی بەکەرامەت بۆ ئەوان بێت".

هاوکات، سابیعە-ی کچی لەیلا گوڤەن وێنەی خۆی و دایکی بڵاوکردووەتەوە، لەکاتێکدا گوڵ پێشکەشی دایکی دەکات و نووسیوێتی، "تۆ قارەمانی".

ش.ف