لە ئاوارەییدا خه‌ونه‌كانیان لەناوچوو

تەنها لەنێو یەك كامپی ئاوارەكان لە خانەقیندا (٧٠) كچ بەهۆكاری جیاجیا لە خوێندن بێ بەشبوون، كە دیارترینیان خراپپی باری دارایی و دابونەریتی كۆمەڵایەتیی و هاوسەرگیرییە.


نەبە حەسەن تەمەن ٢٠ ساڵ، یەكێكە لەو کەسانەی، كە بەهۆی ئاوارەبوونه‌وه‌ لە خوێندن دابڕاوە، نەبە، باسی چیرۆكی مەرگەساتی خۆی كرد و وتی:"لە ساڵی ٢٠١٤ داعش لە شارەبان هێرشی كردە سەر گوندەكەمان، بۆیه‌ سەرجەم دانیشتوانی گوندی سەنسل ئاوارە بووین، ئێمە ئەو كات نیشتەجێی كامپی لەیلان بووین له‌كه‌ركوك، نزیك ساڵێك لەو كامپە ماینەوە، دواتر كامپی لەیلانمان بەجێ هێشت و لە گەرمیان نیشتەجێی كامپی تازەدێ بووین، ئیدی لەو كامپەدا باوكم جەڵته‌ لێیدا".

نه‌به‌ درێژەی بە قسەكانی ‌دا و وتی:"پاش تێكچوونی باری تەندروستیی باوكم، هاتینه‌ كامپی ئاوارەكانی خانەقین و له‌وێ نیشتەجێ بووین، چونكە له‌وێ ناسیاوی خۆمانی لێ بوو، بەڵام هیچ كەسێك نەبوو بژێوییمان دابین بكات، پێشتر تەنها باوكم بوو كاسبی دەكرد و بژێویی دابین دەكردین، كه‌ ئه‌و جه‌ڵته‌ لێیدا ناچاربووم،‌ من كاربكه‌م، ئەو كاتیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لە كەمپی لەیلان و كەمپی تازە دێ ئاواره‌بووین، بۆیه‌ دوو ساڵ لە خوێندن دابڕام؛ من لەپۆلی سێی ناوەندی بووم كه‌ بڕیارمدا كار بكه‌م".

بە چاوە شینەكانی، كە پڕبوون لە وزه‌ و ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین، خۆی نیشاندەدا كە بەهێزە و خاوەن بە بەرپرسیارێتییە، نەبە حەسەن وتی:"كە هاتین بۆ خانەقین چیتر نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم و هەوڵمدا لەنێو كامپەكەدا و لەگەڵ ڕێكخراوه‌كان كارێك بدۆزمەوه‌؛ بۆیە لە سەرەتادا بەشێوەیه‌كی خۆبەخش كارم لەگەڵ ڕێكخراوێك كرد كە تایبەت بوو بە بواری هۆشیاریی منداڵان لەسەر پاك و خاوێنی، و دواتریش بەشێوەیه‌كی گرێبەست لەگەڵ رێكخراوێكی دیكه‌دا كارێكی ترم دۆزییەوە؛ و ئێستاش بەردەوامم لە كاركردن و بژێوی شەش كەسی خێزانه‌كه‌م لەسەر ئەو بڕە موچەیەیه،‌ كە لەو رێكخراوە وەریدەگرم".

نەبە، دەشڵێت:"ئاواتم ئەوە بوو زانكۆ بخوێنم و ببم به‌ خاوەن كارێكی باش و جارێكی تر ژیانی خێزانەكەم بونیات بنێمه‌وه‌، چونكە بەهۆی شەڕی داعشه‌وه‌ ماڵمان لەدەستدا، هەروەها تەندروستی باوكیشم لەدەستدا، دوو خوشكی ترم بەهەمان شێوەی خۆم بەهۆی خراپی باری دارایی خێزانەكەمان ئه‌وانیش لە خوێندن دابڕاون، بۆیە لەبەر دابینكردنی بژێوی خێزانەكەم، هەموو خەونەكانی خۆم لەدەستداو كەرامەتی خێزانەكەم لە ئاوارەیی پاراست".

یەقین ته‌ها، كچێكی تەمەن ١٥ساڵانە و لە پۆلی یەكه‌می ناوەندی واته‌(پۆلی حەوتەم)ە‌، ئه‌و ساڵی ڕابردوو لە خوێندن دابڕاوە، یەقین باسی هۆكارەكانی وازهێنان لە خوێندن كرد و وتی:"دوو ساڵ لە خوێندن دواكەوتووم، ساڵی یەكەم لە ٢٠١٤ به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ كە ئاوارە بووین، ساڵی پاریش لە هەمان قۆناغ مامەوە، چونكە خێزانەكەم نەیانده‌توانی خەرجیم بۆ دابین بكه‌ن تاكو بڕۆم لە كورسی بەهێزكردنی وانەكان بەشداریی بكەم".

یەقین بە حەسرەتەوە دەڵێت:"چەند ڕۆژێكە وەرزی نوێی خوێندن دەستی پێكردووەته‌وه‌، بەڵام چیتر ناتوانم بچم بۆ خوێندنگا و خه‌ونه‌كانم بێنمه‌دی، چونكە ئاره‌زووی خوێندنم نەماوە، هەروەها لە ماڵەوەش تانەی ئەوەم لێ دەدەن، كە گەورەبووم و كاتی بە شودانمە و دەبێت له‌بری خوێندن من شوو بكەم".

یەقین، خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری شارەدێی سەعدییەیه‌، خێزانەكەی یەقین وەكو سەدان خێزانی تر ناگەڕێنەوە بۆ گوندەكەیان، چونكە هێشتا چەتەکان و گروپە توندڕەوەكان له‌وێ هێرش ئەنجام دەدەن، هەروەها ماڵ و كەسابەتی گوندشیینەكانی ناوچەكه‌یان لە ناوچووە.

بەهۆی داگیركردنی بەشێك لە ناوچەكانی باكووری پارێزگای دیالە، دەیان هەزار خێزانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئاوارەبوون و بەشێك لە خێزانە ئاوارەكانیش نیشتەجێ شارۆچكەی خانەقین بوون،‌ كە بەپێی ئامارەكانی كۆچ و كۆچبەرانی خانەقین نزیكەی ١٠هەزار خێزان ده‌بن.

میساق عەبدولحەمەد، بەڕێوبەری كامپی ئاوارەكانی ئەڵوەندی یەک لە خانەقین وتی:"بەپێی ئامارەكانمان تاكو ئێستا ٧٠ كچ لەناو كەمپەكەمان لەخوێندن دابڕاون و زۆربەی ئەو كەسانەی له‌‌خوێندن دابڕاون لە قۆناغه‌كانی ناوەندیدان، لە ڕووی جەستەوە كچ كه‌ گەوره‌ دەبێت، ئیدی كەسوكاری لە خوێندن دەری دەكەن و دەیدەنە شوو و هاوسەرگیریی دەكات. لە نێو ئەو كۆمەڵگایە كە نیشتەجێی كەمپەكانن كچان لە ١٥ ساڵانەوە دەدرێنە شوو، هەورەها بەشێكی تر لە هۆكارەكانی وازهێنان لەخوێندن دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی توانای دارایی خێزانەكان، چونكە خوێندن و بەتایبەت لە قۆناغه‌كانی ناوەندی و دواناوەندی پێویستی بە خەرجی و پێداویستی زیاتر هەیە، بۆیه‌ خێزانەكان ناتوانن پێداویستی كچەكانیان دابین بكەن لە پێناو دێژەپێدانیان بە خوێندن، ناچار ده‌ریان ده‌كه‌ن".

مسیاق مه‌هدی دەشڵێت:"بەشێكی تر لە هۆكارەكان دەگەڕێتەوە بۆ یاساو دابونەریتی كۆمەڵایەتی، كە كچ گەورەبوو لە ڕووی جەستەوە چیتر نابێت بچێت بۆ خوێندن، بۆیە بەشێكی زۆر لە كچەكان كە دەگەنە قۆناغی یەكی ناوەندی واته‌ (حەوتەم)؛ ئیدی خێزانەكانیان لە خوێندن دەریان دەكەن".

لەبارەی هاوكاریی رێكخراوە نێودەڵەتییەكان، بەڕێوبەری كەمپی ئاوارەكان وتی:"ڕێكخراوەكان و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوەیەگرتووەكان هاوكاری سێكتەری خوێندن دەكەن، بەڵام بەپێی پێویست نییە؛ چونكە باری دارایی خێزانەكان خراپە و پێویستی بە هاوكاری و پاڵپشتی زیاتر هەیە".

ئاماژەی بەوەشكرد:"نزیكەی دوو ساڵە وەزارەتی پەروەردەی عێراقی و ڕێكخراوێكی نێودەڵەتی MC پرۆژەیەكیان هەیە بۆ ئاسانكاریی و گەڕانەوەی ئەو كەسانەی كە لەخوێندن دابڕاون؛ بۆیە لە ڕێگای ئەو پرۆژەیەوه‌ تاكو ئێستا ژمارەیەك كچ و كوڕ گەڕاونەتەوە به‌ر خوێندن".

خەونی دانیشتوانی كامپەكانی خانەقین ئەوەیە كە جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان و بۆ دەستپێكردنی ژیانی ئاسایی خۆیان، بەڵام بەگەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان كۆتایی بە ئازارەكانیان نایەت، بەڵكو لاپەڕەیەكی تر لە كێشە و گرفت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چونكە زۆربەی ماڵ و موڵكیان ڕوخێندراون، هەروەها باخەكانیان وشك بووە و سوتێندراون، خوێندنگاكانیان خاپور و وێران بوون؛ بۆیە ئازارەكانی ئاوارەكان بەكراوەیی دەمێنتێەوە.

نەبە ناوێکی خوازراوە.

دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاریی جێندەری، پەیامنێرمان ئەم ڕاپۆرتەی ئامادە کردووە.

ش.ف