ئامارە نافەرمییەکان دەریدەخەن، دیاردەی ژن کوشتن بەردەوام ڕوولەزیادبوونە و تەنیا لە پێنج مانگی ئەمساڵدا، ئامارەکە بەرزترە لە ئاماری تەواوی ساڵی ڕابردوو.
له سهرهتای ئهم ساڵهوه شهپۆلێک له تاوانی كوشتن و سووتاندن و “خۆكوشتن”ی ژنان، ڕووبهڕووی ههرێمی كوردستان بووهتهوه و هیچ هەوڵێکی جدییش بەدیناکرێت، بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆمەڵکوژکردنەی ژنان.
بەپێی بڵاوکراوەکانی ڕاگەیاندنەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ٢٥ ژن بەشێوازی جیاجیا کوژراون، ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١ــی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیەکانی دژی ئافرەتان و خێزان، لە ١٢ مانگی ئەو ساڵەدا ٢٤ ژن کوژراون.
“لە مانگی ئایاری ٢٠٢١دا دوو تاوانی ژن کوشتن هەبووە، بەڵام لە ١٥ ڕۆژی سەرەتای مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا، لەماوەی کەمتر ٢٤ کاتژمێر سێ ژن کوژراون”.
بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، هیچ ئامارێکی لەبارەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان لە ئەمساڵدا بڵاونەکردووەتەوە.
سزای یاسایی بۆ بکوژانی ژنان بەپێی ماددەی ٤٠٦ دەبێت، کە سزای لە سێدارەدانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت، بۆیە دەگۆڕێت بۆ زیندانی هەتاهەتایی، بەڵام ئەگەر هاتوو بنەماڵەی قوربانییەکە سازشبکەن ئەوا سزاکە کەم دەکرێتەوە بۆ حکومێکی (١٥- ٢٠) ساڵ، ئەوە جگە لەوەی هەندێ جار لێبووردنی گشتییش بکوژانی ژن دەگرێتەوە، ئەوەش بەلای یاساناسانەوە بە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی دیاردەی ژن کوشتن دەزاندرێت.
ش.ف