لە بەغدا یانزەیەمین کۆنگرەی ژنان بەڕێوەدەچێت

بڕیارە ٢٨ ی ئەم مانگە یانزەیەمین کۆنگرەی ژنان لە بەغدا بەڕێوەبچێت، کە ئامانجی سەرەکی لە بەستنی کۆنگرەکە ڕەتکردنەوەی توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان کە بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە دەکرێت.


ڕۆژی ٢٨ی ئەیلول لە ناوچەی جادریە لە بەغدا، ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی یانزەیەمین کۆنگرەی ژنان لە چوارچێوەی ڕۆژی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بە بەشداری کەسایەتییە باڵاکانی ناوخۆ و دەرەوە ئەنجام دەدات.

ئەم کۆنگرەیە، هەموو ساڵێک بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، بە وتەی ئەندامیکی ڕەوتەکەش ئامانج لە کۆنگرەکە خزمەتکردنە بە ژنان و خستنەڕووی ئەو کێشانە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لەو بارەیەوە هێدی محەمەد، ئەندامی ڕەوتی حیکمە لە شاری سلێیمانی، وتی: ئامانج لە بەستنی ئەم کۆنگرەیە خستنەڕووی کێشەکانی تایبەت بە ژنانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و خوڵقاندنی دیموکراسیەتە کە لە دوای ڕژێمی سەدام حوسێنەوە دیموکراسیەتمان هەڵبژاردووە، ئایا ژنان لە کوێی ئەم دیموکراسیەتە جێگایان بووەتەوە؟.

وتیشی: هەوڵدەدەین ئەو زهنیەتە بسڕینەوە و دژی چەوساندنەوەی ژن بوەستینەوە کە لە ژێر ناوی ئیسلامدا بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدرێت و کار بکرێت بۆ بەشداری پێکردنی ژنان لە تەواوی کایە سیاسیەکان، بۆیە بە گشتی خوازیارین کە ئەنجامێکی باشی هەبێت و لە بەرژەوەندی تەواوی ژنان و کێشەکانی ژنان بێت تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ڕیژەییش بێت.

ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە ڕۆژی ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٧ لە بەغدا لە لایەن عەمار حەکیم بە وازهێنانی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ڕاگەیەندرا، کە یەکێکە لە حزبە ئۆپۆزسیۆنە شیعەکان لە عێراق و ٢٠ ئەندامی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ک.س