لە دەیان چێشتخانەی کەلاردا یەکێک بووە بە نمونە

لە ناو بازاڕی شارۆچکەی کەلار، ستافێکی ژن چێشتخانەیەک بەڕێوەدەبەن و چەندین جۆر خواردنی  کوردەواری پێشکەشی کڕیارەکانیان دەکەن، ئەوان شانازیی بە کارەکەیانەوە دەکەن، پیاوانی ناوچەکەش چێشتخانەکە بە نمونەیەکی جوان دەزانن، چ ژنان و چ پیاوان داوا دەکەن، ژنان بێنە دەرەوە و دوای خولیاکانیان بکەون و بەربەستەکان تێکبشکێنن.


لە بازاڕی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەیان چێشتخانە هەیە، بەڵام چێشتخانەیەک هەیە جیا لەوانیتر، جیاوازییەکەشی ئەوەیە، تاکە چێشتخانەیە کە ژنان بەڕێوەی ببەن، زۆرینەی خواردنە کوردەوارییەکان پێشكەشی کڕیارانیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەدا گۆشتی حوشتر و نەعامە'ش لەو چێشتخانەیەدا هەیە، کۆی ئەمانە بووەتە جێگای سەرنجی کڕیاران و ڕۆژانە خەڵکێکی بەرچاو ڕوویان لێدەکەن.

ژنانی ئەم چێشتخانەیە، سەرەتای هەموو رۆژێكی نوێ ئامادەكاریی بۆ پێشوازی لە میوانەكانیان دەكەن، ئەوان ڕۆژانە بۆ ماوەی هەشت كاتژمێر كاردەكەن، بە ئامادەكردنی زۆربەی خواردنە کوردەوارییەکانی وەک، کفتە، قەرەخەرمان، ساوەر، برنجی کوردی، قەل، کەڵەشێری کوردیی و یاپراخ، پێشوازی لە هەموو ئەو كەسانە دەكەن، كە بۆ نانخواردن سەردانی ئەوان دەکەن.

ئەو هاوڵاتییانەی بە بەردەوامیی ڕوو لەو چێشتخانەیە دەکەن کە دەکەوێتە سەنتەری بازاڕێ شارۆچکەکەوە بەرامبەر بازاڕی هاوچەرخ، زیاتر هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ هەبوونی خواردنە کوردەوارییەکان.

کڕیاریان هۆکاری دیکەشیان هەیە بۆ سەردانەکانیان، ئەویش هەبوونی ژنانە بۆ یەکەم جار لە گەرمیاندا، باس لەوەش دەکەن، خواردنەکانیان تام و چێژێکی تایبەتی هەیە، هەروەها وەک ئەوان باسیان کرد، لە ڕووی پاکوخاوێنیشەوە ژنان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و زیاتر گرنگی بە کارەکانیان دەدەن.

چێشتخانەکە لەلایەن پیاوانەوە بە نمونەیەکی جوان بۆ شارۆچکەکە دەزانرێت، ئەوان پێیان وایە، پێویستە ژنان توانا و وزەی خۆیان تەنها لە ماڵەکانیاندا قەتیس نەکەن و بێنە دەرەوە و بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵبن کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

شنە جەمال یەکێک لە ئەندامانی ستافی چێشتخانەکەیە، ئەو ێڕای ئەوەی بژێوی ژیانی لەم کارەوە پەیدا دەکات، شانازییش بە پیشەکەیەوە دەکات و دەشلێت:"هیچ بەربەستێک ناتوانێت بموەستێنێت و ڕۆژانە بەرەوپێشەوە دەچم، ڕاستە لە کۆمەڵگای خۆماندا ڕێگری زۆر لە ژنان دەکرێت، بەڵام داوا لە ژنانیتر دەکەم بەبێ گوێدانە جیاوازی ڕەگەزی و بەربەستەکانی کۆمەڵگا، بەدوای خەون و ئامانجەکانیان بکەون، سەربەزانە ئەو کارە بکەن کە خولیایانە".

س.ح