لە ساڵیادی یەکێتی ژناندا ڕێز لە شەهیدانی ژن گیرا

 ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان، ۳۰ـەمین ساڵیادی دامەزراندی ڕێکخراوەکەیان بە یادکردنەوەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکاری پیرۆز کرد، ئەندامێکی ڕێکخراوەکەش دەڵێت، کاردەکەن بۆ کردنەوەی سنوورەکان بەڕووی ڕۆژئاوا، دەشڵێت: خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا بووەتە پێشەنگی ژنان لە هەموو دونیا.


ئەمڕۆ لە بەردەم بینای ڕێکخراوەکە لە شاری سلێمانی، بە بەشداری میوانان و ئەندامانی ڕێکخراوەکە و ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستان،  ۳۰ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لە مەراسیمێکدا پیرۆزکرا.

مەراسیمی ڕێکخراوی یەکێتی ژنان، جیاواز لە ساڵانی دیکە، ئەمساڵ وەک هاوخەمییەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بەرزڕاگرتنی بەرخۆدانیان، بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان لەگەڵ سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستیپێکرد.

لە مەراسیمەکەدا هاوکاریی پێشكەشی ڕۆژئاوای کوردستان کرا، کە بریتی بوون لە پێداویستی ژنان و منداڵان.

هەروەها بە گوڵڕێژکردنی بەشێکی شوێنی مەراسیمەکە و داگیرساندنی مۆم و دانانی وێنەی ژنانی شەهید لە هەر چوارپارچەی کوردستان، لە ژێر دروشمی 'ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکور، باشور، لە گەڵتانداین و لە بیرتان ناکەین و رێبازتان ون ناکەین' بەردەوامیی بە مەراسیمەکە دەدرا.

تەلار لەتیف ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان دەربارەی یادەکە، وتی: خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا بووەتە پێشەنگی ژنان لە هەموو دونیا و دڵنیایان دەکەینەوە، کە هیچ کات بێ پشتیوانیان ناکەین و جەخت دەکەینەوە بۆ کارکردنی پەرلەمانتاران لە ڕێگای پەرلەمانەوە بۆ کردنەوەی سنوورەکان بە ڕوویاندا و تەنانەت لە هەموو ڕوویەکی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و هاوکارییەکانی دیکە ئێمە هەمیشە لە گەڵیانین.

یەکێتی ژنانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاخ دامەزراوە و لە دوای ١٩٩١ خەباتی لە شاخەوە بۆ شار گۆڕیوە، ڕێکخراوەکە چەندین بەشی لە خۆ گرتووە، کە بریتین لە بەشی یاسا، کۆمەڵایەتی، تەندروستی، ڕاگەیاندن و لانەی ئارام کە بۆ داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراوە، هاوکات  خاوەنی ڕۆژنامەی ژیانەوەن کە هەفتانەیە و لە گەڵ گۆڤاری تەوار کە وەرزییە  چاپ دەکرێن.

س.ح