لە سوید ژنانی کورد بۆ گۆڕانکاری و ئازادی ڕێپێوانیان کرد

ژنانی کورد و دۆستانیان لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، لە دژی عەقڵییەتی قڕکەر، توندوتیژی و گوشارەکانی سەر ژنان، بۆ گۆڕین و ئازادی چالاکیی و ڕێپێوانیان ئەنجامدا.


بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا –TJA) لە چوارچێوەی هەڵمەتی "بۆ گۆڕانکاری و ئازادی تۆش ڕاپەڕە " لە گۆڕەپانی ماریاتۆرگێت لە شاری ستۆکهۆلمی سوید چالاکییەکیان ڕێکخست.

ژنان پۆستەر و لافیتەی مۆر و وێنەکانی ٣ ژنی شۆڕشگێڕ ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆرکرابوون و ئاڵاکانی تەژەئا-یان بەرزکردبووە.

چالاکییەکە بە خولەکێک بێدەنگی و ڕێزگرتن و دوای ئەوە بە دروشمی "شەهیدان نامرن" دەستیپێکرد.

عایشە گۆکتەپە لە ئەنجوومەنی ژنانی ئامارا بە ناوی ڕێکخراوەکانەوە بەشداری چالاکییەکە بوو و ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "شۆڕشی رۆژئاوا لە دژی توندوتیژیی سیستمی پیاو، مۆری خۆی لە تێکۆشان و ڕێکخستنی ژنان لە هەموو ئاست و جومگەکانی کۆمەڵگەدا داوە".

هاوکات داوا لە ڕای گشتی سوید کرا، کە دەبێت لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بکەن، کە سیستمی ئازادیخواز و یەکسانە بۆ ژنان و پێکهاتە جیاوازەکان و باوەڕییەکان.

دوای پێشکەشکردنی وتەکان بەدەم ڕێپێوانەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وترایەوە و سەرجەم بەشداربووانی ڕێپێوانەکە، پێکەوە سرودی "چاڤ بێلا - Çav bela "یان وتەوە.

ک.س