لە سیدەکان و چوارقوڕنە سێ ڕووداوی گوماناویی

لە سیدەکان و چوارقوڕنە لە سێ ڕووداوی گووماناوییدا، ژنێک سووتا، ژنێک گیانی لە دەستدا و ژنێکی دیکەش بێ سەروشوێنە.


ئەمڕۆ لە شارەدێی چوارقووڕنەی سەر بە ڕاپەڕین ژنێک سووتا  و دەوترێت دوێنێ-ش لە شارەدێی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و خوشکەکەشی کە ٣٢ ساڵ تەمەنیەتی و کەم ئەندامە ماوەی چەند ڕۆژێکە بێ سەروشوێنە.

س.س، تەمەنی ١٨ ساڵە و بە هۆکاری نادیار لە ٤٠%ی جەستەی سووتاوە و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە و بە پێی وتەی پۆلیسی ڕاپەڕین، هۆکاری سووتانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە خەریکی دورستکردنی خورادن بووە و بە ئاگری تەباخەکە سووتاوە.

هەروەها لە سیدەکان، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بە ناوی (ک.ه) دانیشتوی گۆندی سفیه سه ر به پارێزگای هه ولێر، دەوترێت گوایە له ماڵەکەی خۆیان خۆی هه ڵداوەتە ناو بیری ئاوەوە و گیانی لە دەستدا، کەسوکار و پزیشک، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە بە هۆکاری دەروونی پەنای بردووەتە بەر خۆکوشتن.

هاوکات پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، کە خوشکێکی (ک.ه)، بە ناوی (ن.ه) تەمەن ٣٢ساڵ، ماوەی بێ سەروشوێنە و تا ئێستا گەڕان به دواییدا بەرده وامه و شایەنی وتنە ئەو ژنە کێشەی جەستەییشی هەیە و کەمئەندامە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٣٣ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

 

ش.ف