لە عێراق و هەرێم هێشتا ژنان مافی لەباربردنیان نییە

لەباربردن لە ٦٨ وڵات قەدەغەیە و لە ٧٣ وڵات ڕێگەپێدراوە، چەندین وڵاتیش یاسایان بەشێوەی سنووردار لەسەر ئەو بابەتە هەموار کردووەتەوە، بەهۆی قەدەغەکان و لەباربردنی ناتەندروست، ساڵانە  ٢٣ هەزار ژن لە ئاستی جیهان گیان لەدەستدەدەن، ٧٠٠ ملیۆن ژنیش بەشێوەی ناتەندروست لەباربردنیان بۆ کراوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش هێشتا مافی لەباربردن بۆ ژنان دابین نەکراوە و کارەکە وەک تاوان دەبینرێت.


لەباربردن یان (کورتاژ) واتا "کۆتاییهێنان بە دووگیانی بە شێوەی پزیشکی"، کە لە ڕێگەی نەشتەرگەری و دەرمانەوە ئەنجامدەدرێت و پێویستە لەژێر چاودێری پزیشک بکرێت، بە پێچەوانەوە مەترسی بۆسەر دایک دروست دەکات، بۆیە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان قەدەغە کراوە، لە هەندێک لە وڵاتانیش بە چەند مەرجێک ڕێگەی پێدەدرێت، بەهۆی ئەو قەدەغانەوە زۆرێک لە ژنان لە هەلومەرجێکی ناتەندروست لەباربردن ئەنجامدەدەن و بەو هۆیەشەوە گیانیان لەدەستدەدەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دژی لەباربردن نییە

نەتەوە یەکگرتووەکان دژی لەباربردن ناوەستێتەوە، بەڵام دژی ئەو کورتاژەیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی دانیشتووان (هاوڵاتیان) بەکار بهێنرێت، بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەباربردن مەترسی لەسەر ژنان دروستدەکات و لەوانەیە لە ڕێگەی ناتەندروستەوە ئەنجامبدرێت، بۆ ئەنجامدانیشی حەوت مەرج دەستنیشان دەکات؛ بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ژنان، بۆ پاراستنی تەندروستی جەستەیی دایک، بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونی دایک، بۆ کۆتاییهێنان بە دووگیانی لە ئەنجامی دەستدرێژی یان پەیوەندی کەسە محەرەمەکان، بۆ کێشە لە کۆرپەلە، بۆ هۆکاری ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەروەها ئەگەر لەسەر داخوازی ژن بێت.

ساڵانە ٢٣ هەزار ژن بەهۆی لەباربردنی ناتەندروستەوە گیانیان لەدەستداوە

بەهۆی ئەو قەدەغانەی لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دەسەپێندرێت، لە سەرتاسەری جیهان ٧٠٠ ملیۆن ژن لە هەلومەرجی ناتەندروستدا منداڵیان لەباربردووە، بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە ٢٣ هەزار ژن بەهۆی لەباربردنی ناتەندروستەوە گیانیان لەدەستداوە، دەیان هەزار ژنیش بەو هۆکارانەوە تووشی نەخۆشیی جیاواز بوون.

ئەو وڵاتانەی لەباربردن تێیاندا قەدەغەیە

ئەندۆرا ئابورا، کۆنگۆ، جوراچائۆ، کۆماری دۆمنیکەن، میسر، سلڤادۆر، گابۆن، هایتی، هێندۆراس، عێراق، جامائیکا، لائۆس، ماداگاسکار، ماڵت، دوورگەکانی مارشاڵ، مۆریتانیا، نیکاراگوای، پالائو، فیلیپین، سان مارینۆ، سەینگال، سییەرالئۆن، سورینام و تۆنگا.

بەپێی کام پێوەر لەباربردن قەدەغە دەکرێت؟

بڕیاری لەباربردن بەپێی پێوەرە دینییەکان، تابووەکان، نفوسی نەتەوەیی و سیستمی یاسایی دەوڵەتەکان دیاریدەکرێت، بەڵام لەو بارەیەوە مافی ژنان ڕەچاو ناکرێت.

تێکۆشان دژی قەدەغەی لەباربردن و ئەنجامەکانی

لە ساڵی ١٩٦٨ـەوە بزوتنەوە فمنیستییەکان و بە گشتی بزوتنەوەکانی ژنان، بۆ ئەوەی ژنان خۆیان لەسەر خۆیان بڕیار بدەن و چیتر پیاوان و دەوڵەت بڕیاریان لەسەر نەدەن، تێکۆشانێکی دژواریان بەڕێوەبردووە و هێشتاش بەردەوامن، لە شەپۆلی دووەمی فمنیستدا، داخوازی سەرەکیی ژنان ئەوە بوو کە؛ بۆ لەباربردن، پیاو لەسەر ژن بڕیار نەدات و ژن خۆی خاوەن ماف بێت.

بە تایبەتی لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە دەستووری ٥٠ وڵاتدا گۆڕانکاریی سنووردار پێکهاتووە، بەڵام بەپێی ئامارە بەردەستەکان، لە زۆربەی وڵاتاندا هێشتاش ژن لەم بابەتەوە خاوەن بڕیار نییە و لەجێی ژن، پیاوان، دەوڵەت و ڕێکخراوە دینییەکان بڕیاردەرن.

ئەو وڵاتانەی لە ئەنجامی تێکۆشانی ژنان یاسای لەباربردنیان هەموار کردووەتەوە

لە مەکسیک، لە هەر چوار منداڵ یەکێکیان تووشی دەستدرێژی دەبن، دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٨ دوو منداڵی کچ لە ئەنجامی دەستدرێژی دووگیان بوونیان و سکاڵایان بردە دادگا، هەرچەند سەرەتا داواکەیان ڕەتکرایەوە بەڵام دواتر مافی ئەوەیان پێدرا کە لەباربردنیان بۆ بکرێت و لەباربردن کرایە یاسا، دادگا حکومەتی مەکسیکیشی پابەند کرد بە قەرەبووی ئەو دوو کچە.

لەسەر داوای پەرلەمانی بەریتانیا و ئەو بڕیارەی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە درا، لەباربردن لە ئیرلاندی باکور وەک مافیکی یاسایی دەناسرێت.

لە کەنەدا، هەرچەند لەباربردن قەدەغەیە و سزای ١٤ ساڵ زیندانی هەیە، بەڵام ساڵی ٢٠١٩ دادگای باڵای کەنەدا مافی لەباربردنی بۆ ئەو کەسانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی دووگیان دەبن، بە فەرمی ناسی.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی کەنەدا، لە ساڵی ٢٠١٢ـدا نزیکەی ٥٠٠ هەزار ژن لەباربردنیان کردووە، بەڵام یەک لەسەر چواریان تووشی تا، تێکچوونی کۆئەندامەکان و شۆک بوون و زۆرێکیشیان گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان لە چینی هەژار بوون.

لە کوریای باشور لەباربردن نایاساییە بەڵام بە نهێنی ئەنجامدەدرێت، مانگی نیسانی ٢٠١٩ بە نایاسایی ناساند، بەڵام بڕیارە ئەمساڵ بەو بڕیارەدا بچێزتەوە و بە شێوازێکی نوێ داینێت.

لە ئوسترالیا، ژنان تا هەفتەی ٢٢ـەمی دووگیانیی مافی لەباربردنیان "بە هەر هۆکارێک" هەیە، ئەم یاسایە لە ئایسلاندیش هەیە و دەوترێت ئەو وڵاتە لە بواری لەباربردنەوە لە هەموو وڵاتەکان نەرمترە.

لە مەکادۆنیا ژنان تا هەفتەی ١٢ـەمی دووگیانییان دەتوانن منداڵەکانیان لەباربەرن، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاش ئەگەر ژنی دووگیان مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت بۆی هەیە لەباربردن بکات.

لە جیهاندا پێوەرەکانی ڕێگەپێدان بە لەباربردن بەمشێوەیەیە:

١- مەترسییەکانی سەر ژیان

٢- مەترسییە تەندروستییەکان

٣- بنەما کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان

٤- بەپێی ویست

٥- دووگیانبوون لە ئەنجامی دەستدرێژی و پەیوەندیی سێکسی مەحرەمەکان

٦- لەبارچوون یان کێشەی کۆرپەلە

٧- سنووری دووگیانی

١- مەترسییەکانی سەر ژیان

لە ٩٠٪ی وڵاتانی جیهان، ئەگەر مەترسیی لەسەر ژیانی ژنێک بێت، مافی لەباربردن ڕیگەپێدراوە، نمونەی ئەو وڵاتانەش ئەمانەن؛ ئەفغانستان، بەحرەین، بەنگلادش، بوتان، بەرازیل، چیلی، دۆمنیک، گواتیمالا، ئیدونیسیا، ئێران، کیریباتی، لوبنان، لیبیا، مالاوی، مالی، مەکسیک، سریلانکا، سودانی باکور، سوریا، تانزانیا، تیمور، توڤالو، ئوگاندا، ئیمارات، ڤەنزوێلا، یەمەن، میکرۆنسیا، میانمار، نیجریا، عمان، پاناما، پاپوا نیو گینا، پاراگوای، سوماڵ و...

٢- مەترسییە تەندروستییەکان

لە وڵاتانی؛ جەزائیر، ئانگولا، ئەرجەنتین، دوورگەکانی باهاما، بنین، بۆلیڤیا، بورکینافاسۆ، بروندی، کامەرۆن، ئەفریقای ناوەندی، چاد، کۆلۆمبیا، کۆمۆر، کۆستاڕیکا، کۆنگۆ، فیجی، ئێکڤادۆر، ئەریترا، ئەسواتینی، گامبیا، قانا، گینە، ئیسرائیل، ئوردون، کنیا، کوێت، لسۆتۆ، لیبریا، مالیزیا، مۆناکۆ، نامیبیا، زیلاندی نوێ، نیجر، ئێرلەندای باکور، پاکستان، پیرۆ، پۆلۆنیا، قەتەر، کوریای باشور، ساینت لوئیس، سامۆا، سعودیە، تایلاند، تۆگۆ، ترینیداد و تۆباگۆ، زیمبابۆی، مافی لەباربردن تێیاندا بەهۆی مەترسییە تەندروستییەکان بە فەرمی ناسراوە.

٣- بنەما کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان

باراباس، بەرازیل، ئەسیوبیا، فیجی، فینلاندا، بەریتانیا، هۆنگ کۆنگ، ئایسلاند، هندستان، ژاپۆن، ڕواندا، دوورگەی ساینت ڤینسێنت، تایوان و زامبیا، ئەو وڵاتانەن کە بەپێی بنەما کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان ڕێگە بە لەباربردن دەدەن و یاساکانیان لە بەرژەوەندیی ژنان دایە.

٤- بەپێی ویستی ژنان

ئالبانیا، ئەرمەنستان، نەمسا، ئوسترالیا، ئازربایجان، بیلاڕووس، بەلجیکا، بۆسنە، بولگاریا، کامبۆج، کەنەدا، چین، چیک، کرواتیا، کوبا، قوبرس، کوریای باکور، دانیمارک، فەرەنسا، ئەستۆنیا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یونان، گینە، گویان، هەنگاریا، ئیرلەندا، ئیتالیا، کازاخستان، کۆسۆڤۆ، قرقیزستان، لاتیڤیا، لوکسامبورگ، دوورگەکانی ماڵدیڤ، مۆلداڤی، مەنگولیا، مۆنتیگیرۆ، مۆزەمبیق، نیپال، هۆڵەندا، مەکەدۆنیای باکور، نەرویج، پۆرتۆڕیکۆ، ڕۆمانیا، ڕوسیا، سائۆتامۆ و پرینجیپ، سربیا، سینگاپور، سلۆڤاکیا، ئەفریقای باکور، ئیسپانیا، سویسرا، سوید، تاجیکستان، تونس، تورکیا، تورکمانستان، ئۆکرانیا، ئەمریکا، ئۆرۆگوای، ئۆزبەکستان، ڤیتنام، ئەو وڵاتانەن کە بەپێی ویستی ژنان لەباربردنیان بۆدەکرێت.

٥- دووگیانبوون لە ئەنجامی دەستدرێژی و پەیوەندیی سێکسی لەدەرەوەی هاوسەرگیریی

لە هەندێک وڵات کاتێک ژن یان منداڵێکی کچ، لە ئەنجامی دەستدرێژی و پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ کەسێک لە دەرەوەی هاوسەرگیریی (مەحرەمەکان)دا دووگیان بێت، مافی لەباربردنی دەدرێتێ، لە هەندێک وڵاتیش ئەم دوو بابەتە بەجیا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. 

٦- لەبارچوون یان کێشەی کۆرپەلە

لە هەندێک وڵاتان، ئەگەر دەرفەتی ژیانی کورپەلە لە سکی دایکی نەمینێت، ڕێگە بە لەباربردن دەدرێت، لە هەندێک وڵاتیش ئەگەر کورپەلە ناتەواو یان کێشەدار بێت ڕێگە بە لەباربردن دەدرێت.

لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەباربردن قەدەغەیە

لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەباربردن قەدەغەیە و لە یاسادا وەک تاوان ناسراوە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بە هیچ شێوەیەکیش ڕێگە بە لەباربردن نادرێت.

لە یاسای ژمارە ١١١ی سزادانی عێراقدا کە ساڵی ١٩٦٩ پەسەندکراوە، دایک و کەسێک کە هاوکاریی بکات بۆ لەباربردن سزا دەدرێن.

ماددەی ٤١٧

١- ژن یان هەر کەسێک کە هاوکاریی بکات بۆ لەباربردنی منداڵ، سزای ساڵێک زیندانیان یان ١٠٠ دینار سزای پارەی لێدەبڕدرێت.

٢- ئەگەر هەر کەسێک بە مەبەست یان بە ڕەزامەندیی دایکیش بێت، منداڵ لەباری ژنی دووگیان ببات یان لەباربردن بکات، بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.

٣- ئەگەر پزیشک یان دەرمانساز یان مامانی (ئەبە)، منداڵی لەباری ژنێک ببات، زیندانی دەکرێت.

٤- ئەگەر ژنێک لەسەر کێشەی ناموسی (دەستدرێژی یان دووگیانبوون لەناو ماڵدا) منداڵەکەی لەبار ببات، زیندانی دەکرێت.

ماددەی ٤١٨

١- ئەگەر بەبێ ڕەزامەندیی ژن، منداڵەکەی لەبار ببرێت، بەو مەرجەی تەمەنی زیاتر لە ١٠ ساڵ نەبێت، ئەو کەس یان کەسانە زیندانی دەکرێت.

٢- ئەگەر کەسێک بیەوێت بەزۆر منداڵیک لەباری ژنێک ببات و ئەشکەنجەی بدات، تەنانەت ئەگەر ئەنجامی ئەو هەوڵە مردنی ژنەکە نەبێت، بە مەرجێک تەمەنی لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت زیندانی دەکرێت.

٣- ئەگەر پزیشک، دەرمانساز یا مامانییەک هاوکاری لەباربردنی منداڵێک بکات، سێ ساڵ لەکار دوور دەخرێتەوە.

ماددەی ٤١٩

ئەگەر کەسێک دەستدرێژی سێکسی یان توندوتیژی و لێدان بەرامبەر ژنێکی دووگیان بکات، یان دەرمانی زیانبەخش بداتە ژنێکی دووگیان و لە ئەنجامیدا منداڵ لەباری ئەو ژنە بچێت، سزای هەرە قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.

عێراق و هەرێمی کوردستان، هێشتاش لەم بابەتەدا بەپێی ئەو یاسایەی ساڵی ١٩٦٩ دەرکراوە کار دەکەن و هەمواریان نەکردووەتەوە، هەرچەند ژنان لە عێراق لەسەر ئەم بابەتە خۆپیشاندان و چالاکیی ناڕەزایەتییان ئەنجامنەداوە، پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژانە بە هۆکاری جیاواز، ژنان داوای لەناوبردنی منداڵەکەیان دەکەن، بەڵام ئەم ناڕەزایەتییانە نەبووەتە تێکۆشانێکی هاوبەش کە فشار بخاتە سەر هەردوو حکومەتەکە تا گۆڕانکاریی لە یاساکان بکەن.

لە دەستووری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لەدەرەوەی سزادان، هیچ خاڵیکی دیکە بۆ لەباربردنی منداڵ نییە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لەپزیشکانی ژن وەرگیراوە، ئەگەر مەترسی لەسەر دایکبێت، دەرفەتی ژیانی منداڵ نەمابێت یان منداڵ لە سکی دایکی مردبێت، دەتوانرێت لەباربردن بکرێت، هەروەها بە بڕیاری لیژنەی تەندروستی سەربە وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای داد، ئەگەر منداڵێک ئەندامی سەرەکیی گیانی (سەری) نەبێت، دەتوانرێت لەباربردن بکرێت.

پارێزەر بیلال مەحمود ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، لەباربردنی منداڵ یان لەباربردن تاوانە و وتی: ئەگەر دایکێک خۆی منداڵەکەی لەبار ببات، سزا دەدرێت، ئەو کەسەی هاوکاریشی بکات سزا دەدرێت، تەنیا ئەگەر لە ئەنجامی ڕووداوێک نەبێت، بۆ دۆخی تایبەتیش بیلال مەحمود، دەڵێت: لە دۆخی پێویستدا پزیشک بە هەماهەنگی لەگەڵ دادگا و لایەنی دینی بڕیار دەدەن.

هەروەها ئاماژە بە دووگیانبوونی منداڵان دەکات و دەڵێت: تەمەنی ژن چ بچووک بێت چ گەورە، ڕۆح لە گیانی منداڵەکە بێت، لەباربردن قەدەغەیە.

پارێزەر بیلال مەحمود، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی دۆخی تایبەتی ڕۆژانە، دەتوانرێت لە یاسا گۆڕانکاری بکرێت کە دەکەوێتە سەر پەرلەمان و وتی: دەتوانرێت پێشنیار یاسایەک لەم باریەوە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و داوای چاکسازی لە یاسای منداڵ لەباربردن بکرێت.  

د. ڕۆژان عەلی محەمەد، دەڵێت: بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی و پێوەرە زانستییەکان کاردەکەین، لە دەرەوەی هەندێک دۆخی زۆر تایبەت و دەگمەن نەبێت، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە لەباربردن نادرێت.

د. ڕۆژان هەروەها دەڵێت: ئەگەر منداڵ ناتەواو بێت واتا سەری دروست نەبووبێت یان هەندێک کەموکورتیی دیکەی جددیی هەبێت، یان مردبێت، تەمەنیشی چەندەبێت بڕیاری لەناوبردنی دەدرێت، هەروەها ئەگەر دووگیانی نەخۆشی جددیی بۆ دایک هەبێت، دەتوانێت لەباربردن بکات یان لەباری ببات.

د. ڕۆژان لەسەر ئەو ژنانەی لە ئەنجامی دەستدرێژیی یان پەیوەندیی سێکسی لەدەرەوەی هاوسەرگیری (مەحرەمەکان) دووگیان دەبن وتی: "ئەم منداڵانە بە هیچ شێوەیەک لەناو نابرێن".  

لە کاتێکدا ڕۆژانە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکرێت بۆ لەباربردنی منداڵەکان، د. ڕۆژان بی ئەوەی ئاماژە بە پەرپرسیارێتی پیاو بکات دەڵێت: "پێش ئەوەی ژن دووگیان بێت، دەبێت بیری لێبکاتەوە، پاشان دووگیان بێت".

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی تا ئێستا بۆ مافی لەباربردن لەسەر هەوڵدانی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ گۆڕینی یاسا کراوە، ئەگەر هەشبووە بە شێوەی تاکەکەسی بووە و نەبووەتە هێزێکی هاوبەش بۆ فشار لەسەر حکومەت.

ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان-دا زۆرە، پێدەچێت کە بەشێک لەو ژنانەی دەکوژرێن یان خۆیان دەکوژن، بەهۆی دووگیانبوون لە ئەنجامی دەستدرێژی و پەیوەندیی سێکسی لەدەرەوەوەی هاوسەرگیری بێت، بەڵام لەلایەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئاشکرا ناکرێت و وەکو و تابۆیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئاماری ئەو ژنانەی لە هەلومەرجێکی نا تەندروست لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەباربردن ئەنجامدەدەن ئاشکرا ناکرێت، هەروەها ژمارەی ئەو ژنانەش لەو دۆخەدا لەباربردنیان بۆ دەکرێت و ژیانیان لەدەستدەدەن یان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هەردوو حکومەتەوە ئاشکرا ناکرێت. 

وەک ڕۆژنیوز، هەوڵماندا لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و چەند دەزگایەکی پەیوەندیدار، لەسەر ڕێژەی ئەو ژنانەی دەیانەوێت لەباربردن بکەن یان بە هۆکاری جیاواز منداڵیان لە باربردووە، ئامارێک بەدەست بێنن، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەک ئاشکرا بکەن، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هیچ زانیارییەکیان لەم باریەوە لە بەردەست نییە.

لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ ئامارێک لەسەر ئەو ژنانەی بەشێوەی نهێنی لە هەلومەرجی ناتەندروستدا لەباربردن دەکەن نییە، بەهۆی سزا قورسەکان کە لە ژنان و کەسانێک هاوکارییان بۆ لەباربردن دەکەن، دەبڕدرێت، زۆر بە نهێنی دەهێڵدرێتەوە، ئەگەریش ژن ژیانی خۆی لەدەستبدات و تووشی نەخۆشی قورس ببێت، ئاشکرا ناکرێن.

ک.س