لە قەندیل وەرزی چنینەوەی هەنجیر و سماقە

ئێستا وەرزی چنینەوەی هەنجیر و ترشە سماقە لە بناری قەندیل، دانیشتووانی گوندکانی بناری قەندیل سەرقاڵی چنینەوەی بەرهەمەکانیانن و بۆ وەرزەکانی دیکە ئامادەی دەکەن و هەڵی دەگرن.


دانیشتوانی گوندەکانی بناری قەندیل، بۆ وەرزی زستان هەنجیر بە دووجۆر وشک دەکەنەوە و لە شەوە درێژەکانی وەرزی زستاندا وەک چەرەسات دەیخۆن، هاوکات سماقیش دەهاڕن و لەگەڵ خواردن بەکاری دەهێنن.

لەبەر ئەوەی هەنجیر میوەیەکە کە ئەگەر بهێڵدرێتەوە زوو خراپ دەبێت، گوندنشینان پەنا بۆ وشککردنەوەی دەبەن، ئەویش بەدوو شێوە، شێوەیەکیان ئەوەیە کە هەنجیرەکە دەهێنن و دەیکەن پەتەوە و لەشوێنکدا هەڵدواسرێت، شێوەکەی دیکەش پێی دەوترێت (ستوکە هەنجیر) کە هەنجیرەکە لەسەر بەردێک پان دەکرێتەوە و لەبەر تیشکی خۆر دادەنرێت.

هەنجیر، میوەیەكی هاوینەیە و ساڵانە بە پێی کەش و هەوای جیاوازی هەرێمی کوردستان پێدەگات، لەمانگی ٧ دا دەست دەكرێت بەلێكردنەوەی و تا کۆتایی مانگی ٩ لەبەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوێستانییەکان کاتی دەمێنیت.

هەرچەند کاتی پێگەیشتنی هەنجیر لە زۆربەی ناوچەکانی باشوری کوردستان بەسەر چووە، بەڵام بەهۆی فێنک ناوچەکەوە، تازە لەگوندی (ئاش قوڵکە)ی بناری قەندیل هەنجیر پێدەگات، جوتیارانیش سەرقاڵی لێکردنەوەی بەرهەمی هەنجیرن و دوای لێكردنەوەی بەرهەمی دار هەنجیرەكانیان، بەشێكی وشك دەكەنەوە و هەڵیدەگرن بۆ وەرزی زستان، بەشەکەی دیکەش دەفرۆشن.

فاتمە عەلی، تەمەنی ٤٨ ساڵە و دانیشتووی گوندی ئاش قوڵکە-ی بناری قەندیلە، ساڵانە لە سەرەتای مانگی ۹دا دەست دەکات بە چنینەوەی هەنجیر و سماق.

فاتمە عەلی دەڵێت: كاتێك هەنجیر پێدەگات دەستدەكەین بە چنینەوەی بەرهەمەكەی و هەندێكی دەكەن بەمورەبا و بەشێكی دەخەینە بازاڕەوە و بەشەكەی دیکەشی وشك دەكەینەوە بۆ وەرزی زستان لەماڵ و دیوەخانەكان شەوانە لەگەڵ مێوژ و چەرەس بۆ خواردن بەكاریدەهێنن

فاتمە، چەندین ساڵە هەنجیر وشك دەكاتەوە و لەبارەی چۆنێتی وشککردنەوەی هەنجیرەوە دەڵێت: لەگوندی ئاش قوڵکە بە دوو شێواز هەنجیرەكان وشك دەكەنەوە دوای لێكردنەوەی هەنجیرەکە ئەو هەنجیرەی کە هەنجیری (خۆشناوەی، زەردە و میرانە) بێت بەشێوازی (خەروا) لەبەرهەتاو هەنجیرەكان پان دەكەنەوە و چەنجارێک هەڵیاندەگێڕننەوە تا وشك دەبنەوە، هەروەها بەشێوازێکی دیکەش وشکی دەکەنەوە ئەویش ئەوەیە دەیکەن بەپەتەوە و هەڵی دەواسن تا وشك دەبنەوە و دواتر لە زستاندا لە ئاوی گەرم هەڵدەكێشرێن تا كەمێك نەرم دەبنەوە و دەخورێت.

بێجگە لە هەنجیر، لە گوندەکانی بناری قەندیل، لەئێستادا ترشە سماقیش پێگەشتووە و گوندنشینان سەرقاڵی کۆکردنەوەین، ترشی سماق لەدوای کۆکردنەوەی هەندێک جار دەیهاڕن و بە هاڕدراوی دەیفرۆشن، هەندێک جاریش هەر بەشێوە ئاساییەکەی خۆی دەیفرۆشن یان بەکاری دەهێنن.

ترشی سماق، لەگەڵ زۆرینەی خواردنەکاندا بەکار دەهێندرێت و تامێکی مزر دەدات بە خواردنەکان، لەبەر ئەوەی زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ نییە، بگرە چەندین سودی هەیە خواستی زۆر لەسەرە، زۆربەی خێزانەکان دەیانەوێت لە بری (لیمۆندۆزی) ترشی سماق بۆ ناو خواردنەکانیان بەکار بهێنن.

د.ع