لە ماوەی کەرەنتینەدا توندوتیژیی دەروونی بەرامبەر ژنان زیادیکردووە

لە ماوەی کەرەنتینەدا توندوتیژیی دەروونیی و بەکارهێنانی وشەی ناشرین، زۆرترین توندوتیژیی بووە، کە بەرامبەر ژنانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە و لەو ماوەیەدا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ پەیوەندیی بە هێڵی گەرمی ١١٩-وە کراوە.


بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان وەریگرتووە،  لە ماوەی کەرەنتینە کردنی هاوڵاتیاندا هەزار و ٤٣٥ پەیوەندیی بە هێڵی گەرمی ١١٩ کراوە لە هەموو هەرێمی کوردستان، بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکە ئاماری گشتیی توندوتیژییەکانی ئاشکرا نەکرد.

کوردە عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، زانیاریی لەسەر جۆری توندوتیژییەکان بە ڕۆژنیوز دا و وتی: کوشتن، خۆکوشتن و خۆسووتان کەمیکردووە، بەڵام توندوتیژییە دەروونییەکان بەرامبەر بە ژنان زۆر زیادیکردووە، کە زۆرینەیان خۆی لە قسەی ناشرین و جنێوپێدان دەبینێتەوە.

کوردە عومەر، ڕاشیگەیاند، کە زۆربەی ئەو ژنانەی پەیوەندییان بە هێڵی گەرمی ١١٩-ەوە کردووە، توندوتیژیی دەروونییان بەرامبەر ئەنجام دراوە و بەشێکیان پێویستیان بە ڕاوێژکاری دەرونی و یاسایی و کۆمەڵایەتی هەبووە، هاوکاریی پێویستیش کراون.

یەکێکی دیکە لەو کێشانەی لە ماوەی کەرەنتینەدا زیادی کردووە کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، بە جۆرێک لە شاری سلێمانی بەشێکی زۆری پەیوەندییەکان بە هێڵی گەرمی ١١٩ دەبارەی کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە.

نەقیب جوتیار ناسر، بەرپرسی هێڵی گەرمی ١١٩ی پارێزگای سلێمانی، هۆکاری زیادبوونی کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "لە ماوەی کەرەنتینەدا خەڵک بێ ئیش بووە و بەشێوەیەکی زۆر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە".

جوتیار ناسر، وتیشی: ئەو ژنانە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەیان لێکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

دوای زیاتر لە مانگێک لە ڕاگەیاندنی کەرەنتینە، ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لیژنەیەکی دروستکرد و چوار ژمارە تەلەفۆنیان بڵاوکردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی پێویستیان بە هاوکاریی هەیە ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی بۆ ٤ی پاش نیوەڕۆ پەیوەندییان پێوە بکەن.

بەشێکی زۆر لەو ژنانەی لە ماوەی کەرەنتینەدا پەیوەندیان بەو لیژنەیەوە کردووە هاوشێوەی پەیوەندییەکانی هێڵی گەرم، توندوتیژیی دەروونییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

لەیلا عەبدوڵا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان و یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە لەسەر پەیوەندییەکان زانیاریی بە رۆژنیوز دا وتی: ئەو ژنانەی کێشەیان لەگەڵ هاوسەرەکانیان هەبووە، لە ماوەی کەرەنتینەدا کێشەکانیان زۆر قوڵتر بووتەوە، چونکە بەرکەوتنی زۆرتر لە ماڵەکاندا هەبووە.

لەیلا عەبدوڵا، ئاماژەی بۆ کێشەیەکی دیکە کرد، کە لەماوەی کەرەنتینەدا سەریهەڵداوە، ئەویش کێشەی مادیی بووە و وتی: بەهۆی ئەوەی زۆریەنی خێزانەکان بە داهاتی کاری ڕۆژانە دەژین و هیچ کەسیش نەیتووانیووە بچێتە دەرەوە بۆ کارکردن، هەروەها زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ جارێک مووچە دابەش دەکرێت، زۆربەی خێزانەکان ڕووبەڕووی گرفتیی مادیی بوونەوە و ئەمەش کێشەی لەنێواندا دروست کردوون.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە سەدان ژن ڕووبەڕووی توندوتیژیی و کوشتن دەبنەوە یاخود لەبەر نەدۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ کێشەکانیان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.

 

ش.ف