لە مەخمور یادی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان کرایەوە

تەڤگەری ژنانی گەنجی مەخمور کۆمەڵکوژییەکەی شەنگالی بە توندی شەرمەزارکرد و بانگی لە گەنجان کرد کە دژی داگیرکاریی تێبکۆشن.


شەوی ڕابردوو تەڤگەری ژنانی گەنجی مەخمور لە ڕێکخراوی خانەوادەی شەهیدان لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور کۆبوونەوە و ڕاگەیندراوێکیان خوێندەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەروەک دەزانرێت لە سێی ئابی ٢٠١٤ـدا بە هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزە ئیمپریالیستەکان بە دەستی داعش و بە شێوەی هاوکات هێرشیان کردەسەر شەنگال و مەخمور، لە کامپی مەخمور شەڕێکی قورس ڕوویدا و ڕۆژنامەنووس دەنیز فرات شەهیدبوو، هاوکات لە فەرمانی ٧٤ـەمدا لە شەنگال هەزاران ژن ڕفێندران، کوژران و لەسەرخاکی خۆیان کۆچبەر کران، سەدان کەس لە تینوو و لە برسان گیانیان لەدەستدا و سەدان گوندی ئێزدی وێرانکران، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە مەخمور و شەنگال بەرخۆدانێکی گەورەیان نیشاندا و خەڵکیان لەدەستی داعش ڕزگار کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێزە نێودەوڵەتییەکان لەبری بەرگرتن لە هێرشی داعش و بەجێهێنانی بەرپرسیارەتی خۆیان چاویان داخست و بە شێوەی نهێنی هاوکاری ئەو هێزانەیان کرد، پارتی-ش کە بەرپرسی ئاسایشی شەنگال بوو، پشتی کردە خەڵکی شەنگال و بەرپرسیارەتی خۆی بەجێی نەهێنا، حکومەتی عێراق-یش تا ئێستا لێپرسینەوەیەکی بەرپرسیارانەی نەکردووە.

لە بەردەوامیدا هاتووە: بێگومان ئامانجی ئەو هێرشانە لەناوبردنی کلتوری ئێزدیە کە کۆنترین کلتوری کوردییە، پێویستە هێزە داگیرکەرەکان بزانن کە وەک ژنان و گەنجانی کورد حیسابی هەموو کۆمەڵکوژییەکان، هەروەها هەر ژنێکی ئێزدی کە ڕفێندراوە یان کوژراوە دەپرسینەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێویستە هەموو گەنجان بە شێوەی ڕێکخستنکراو کار بکەن و بە ڕۆحی تۆڵەکردنەوەی شۆڕشگێرانە هەستنە سەرپێ، وەک تەڤگەری ژنانی گەنجی مەخمور لە پێنجەمین ساڵیادی فەرمانەکەی شەنگال و هێرشی سەر مەخمور، هەموو ئەو ژنانەی کوژراون و ئەو شەڕڤانانەی لەو بەرخۆدانە شەهید بوون بەبیردێنینەوە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوە دووبارە دەکەینەوە.

د.ع