نوێنەرایەتیی کۆنگرە ستار لە شاری سلێمانی مەراسیمێکی بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە نوێنەران و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕێکخست، کە تێیدا ڕۆڵی ژن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرز ڕاگیرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی کۆنگرە ستار لە نووسینگەی خۆیان لە شاری سلێمانی، مەراسیمێکیان بۆ بەرزڕاگرتنی ١٩ی تەمموز، ١١یەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخست.
ژمارەیەک لە نوێنەران و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد و چەپکەگوڵی خۆیان پێشکەش بە مەراسیمەکە کرد.
سەرەتا مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان وتاری کۆنگرە ستار لەلایەن سڵاڤا سلێمان خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتبوو: ئیمه دەزانین که سنووره دەستکردەکان ناتوانن کاریگەرییان لەسـەر دڵ و مێشکمان هەبێت، ئێوە کەسایەتی و ژنانی کوردستانین، بۆيه لە هەر شوێنێک ئازارێک هەبێت، دڵتان ئـــازار دەدات، لەهەركـوێیەک هێرشێک هەبێت، ئێوە خـاوەن هەڵوێستن، له هەر شوێنێک بەرخۆدان پێشبکەوێت، ئێوە دەنگی تێکۆشان بەرز دەکەنەوە، ئەمەش واتای هەڵوێستی نەتەوەییە.

هەر لە مەراسیمەکەدا، لێمان شویش، نوێنەری کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد وتی: لە شۆڕشی ١٩ی تەمموزدا بناغەی ڕێکخستنی ژنی کورد هەبوو، بۆ دەستهێنانی ئازادیی و مافەکانی خۆمان، شۆڕشیش لەسەر ئەو بناغەیە دروستبوو، کە ئامانجەکەی سەرکەوتنی ئیرادەی ژن و گەلی کورد بوو.
وتیشی: جیاوازیی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەموو شۆڕشەکانی دیکە، بریتییە لە نوێنەرایەتی ژن لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا، چونکە شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژن بوو، لە بەرامبەر هێزێکی تووندڕەوی وەک داعش، تێکۆشان و بەرخۆدانێکی بێوێنە کرا، کە ئەوەش بە ئیرادەی ژنی ئازاد ئەنجامگیربوو، یەکێک لە سەرکەوتنەکانیش ڕاکێشانی سەرنجی جیهان بوو بۆ لای تێکۆشانی ژنی کورد.

لە کۆتاییدا دۆکۆمێنتارییەک لەسەر تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشاندرا، پاشان لەلایەن ژنانەوە پیرۆزبایی ئاراستەی نوێنەرایەتیی کۆنگرە ستار کرا.
ب.ل