لە مەریوان دژی کوشتنی ژنان چالاکیی ئەنجامدرا

سەرەڕای ڕێگریی هێزە ئەمنییەکان، لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی کوشتنی ژنان چالاکیی بەڕێوەچوو.


بڕیاربوو ئەمڕۆ لە شاری مەریوان لە گۆڕستانی گوندی کۆڵان، گردبوونەوەیەک ڕێک بخرێت و تیایدا کوشتنی ژنان ئیدانە بکرێت، بەڵام ئەو گردبوونەوەیە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە بەری پێ گیرا.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بڕیاربووە گردبوونەوەکە لەسەر گڵکۆی کچێکی ئەو گوندە بەڕێوەبچێت، کە لەم حەفتەیەدالە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرابوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگایان بە چالاکوانان گرت.

ڕێگرییەکە نەیتوانی پاشەکشە بە چالاکوانان بکات و بەپێی هەواڵە، چالاکان بەرەو گۆڕستانی بەهەشتی موحەمەدی (گۆڕستانی موستەفا) ڕۆیشتن و گردبوونەوەکەیان لەوێ بەڕێوە برد.

هەر بەپێی ئەو هەواڵە، لە گردبوونەوەکەدا چە ندین کەس لە چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و بواری ژنان وەک دیمەن فەتحی، سومەیە روزبە، موژدە مەردووخی، هێمن کانی سانانی، حەمید قوبادی، کەویار خویشکار، محەمەد دانش و چەندین چالاکی تر کە ناسنامەیان دیار نییە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەست بەسەر کراون.

هەریەک لە دیمەن فەتحی لە چالاکانی بواری ژینگە و محەمەد دانش لە چالاکای کۆمەڵگەی مەدەنیی شاری مەریوان پێشتر بە هۆی چالاکیەکانیانەوە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە چەندین جار دەست بەسەر کراون.

بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی ژمێریاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۹-ەوە تا ئێستا ۲۲ ژن لە رێگای خۆکوشتن و سێ ژنی گەنج بەدەستی کەسوکاریان و دوو ژن بەدەستی کەسانی نەناسراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی بە ژیانیان هاتووە.

 

 

ش.ف