لە هەرێم چەندین چالاکی جۆراوجۆر بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان بەڕێوەدەچێت

بڕیارە لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ٨ی ئازار (ڕۆژی جیهانی ژنان)ەوە چەندین چالاکیی جۆربەجۆر ئەنجامبدرێن.


ساڵانە بۆ پیرۆزکردنی ٨ی ئازار (ڕۆژی جیهانیی‌ ژنان)، ڕێکخراوه‌کانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیی و ڕێکخراوە هونەرییەکان له‌ هه‌رێمی کوردستان چه‌ند چالاکیی وەک، سمینار، ڕێپێوان، کۆنفڕانس و چالاکیی هونەریی ئەنجام دەدەن، ئەمساڵیش بەهەمانشێوە چەند چالاکییەک بەڕێوەدەچێت.

چالاکییەکانی ژنان، بە ناونیشانی تێکۆشانی ژنان هەبوونی بەرخۆدانی ئازادییە و کەمپینی دەوەستینەوە بەرامبەر بە سووکایەتی کردن بە ژنان، هەروەها تایبەت بە سووکایەتی کردن و دەستدرێژییەکانی سەر منداڵان بەڕێوەدەچن.

ئەو چالاکییانەی تا ئێستا کات و شوێنەکەی ڕاگەیەندراوە، بەمجۆرەیە:

- ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان - ڕژاک، ڕۆژی هەینی بەرواری ٦ی ئازار لە گوندی دەرەکۆتر کە دەکەوێتە بناری قەندیل، ئاهەنگێکی جەماوەری کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ ئەنجامدەدات.

- ڕۆژی یەکشەمە بەرواری ٨ ئازار بە هاوبەشی لەگەڵ ١٢ ڕێکخراوی دیکەی تایبەت بە ژنان لە سلێمانی کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لە شەقامی سەهۆڵەکە تا بەردەم باخی گشتی ڕێپێوانێک ئەنجامدەدرێت.

- لە شارۆچکەی کەلار لە ئیدارەی گەرمیان، لە ڕۆژی ٨ی ئازار لە لایەن ڕژاک-ەوە گوڵ بە سەر ژنان-دا دابەش دەکرێت.

- لە شاری کەرکوک، دەربەندیخان، سەیدسادق و هەڵەبجە، لە ڕۆژی ٨ی ئازار لە لایەن ڕژاک-ەوە گوڵ بە سەر ژنان-دا دابەش دەکرێت.

- لە چوارچێوەی یادەکەدا لە هەر یەک لە شارەکانی دهۆک، هەولێر و هەڵەبجە لە ڕۆژی ٨ی ئازار بە ڕێپێوان و گردبوونەوە ڕۆژی ژنان پیرۆز دەکرێت.

- هەر لە ڕۆژی ٨ی ئازار لە بەردەم پارکی نالی لە شاری سلێمانی، لە لایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە، چادر بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی تایبەت بە ژنان هەڵدەدرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی لە بەرچاو گرتنی لایەنی تەندروستی و مەترسی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان چالاکییەکانی تایبەت بە ٨ی ئازار ڕۆژی جیهانی ژنان-یان، ڕاگرتووە.

ک.س