لە ١١١ کاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمان ٣٦ کاندیدی ژنە

لە کۆی ١١١ کاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ٣٦ ئەندامی ژن-ی تێدایە، بەمەش بە بەروارد بە خولی پێشوو ٢ پەرلەمانتار زیادی کردووە.


کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان درەنگانی شەوی ٢٠ی ئەم مانگە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
لە هەڵبژاردنی مانگی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ٢٩ قەوارەی سیاسی بەشدارییان کردبوو، کە لە کۆی ٧٧٣ کاندید، ١١١ کەسیان سەرکەوتووبوون بۆ پەرلەمان، هەروەها لە کۆی ٢٤١ ژن ٣٦ کەس هەڵبژێردران.

ژمارەی کاندیدانی دەرچوو لە سەر لیستەکان بەم شێوەیەن:

- لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆی ٤٥ ئەندامی دەرچوو، ١٤ ئەندامی ژن.

- لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کۆی ٢١ ئەندامی دەرچوو، ٧ ئەندامی ژن.

- لیستی گۆڕان، لە کۆی ١٢ ئەندامی دەرچوو، ٤ ئەندامی ژن.

- لیستی نەوەی نوێ، لە کۆی ٨ ئەندامی دەرچوو، ٢ ئەندامی ژن.

-کۆمەڵ، لە کۆی٧ ئەندامی دەرچوو، ٢ ئەندامی ژن.

- لیستی بەروە ئیسلاح، لە کۆی ٥ ئەندامی دەرچوو، ٢ ئەندامی ژن.

- هەروەها لە کۆتاکان و لیستی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، لیستی گەشەپێدانی تورکمانی و ئەنجومەنی گەلی کلدانی سریانی و ئاشوری، ٥ ژن دەرچوون.

سیستمی کۆتا لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ناچار دەکات، کە ٢٥٪ی کاندیدان و پەرلەمانتارانیان ژن بن، ئەوکاتەش بە هیچ شێوەیەک نابێت ڕێژەی ژنان لە پەرلەمان لە ٢٥٪ کەمتر بن، بۆیە بەشێک لەو ژنانە بە سیستمی کۆتا و بەشێکی دیکەشیان لە ئەنجامی زۆریی ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستیانهێناوە دەچنە پەرلەمان.

بەو پێیەی لە کۆی ١١ کاندیدی دەرچوو بۆ خولی نوێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ٣٦-یان ژنن، کەواتە ڕێژەی ژنان لە پەرلەمان کۆتای تێپەڕاندووە و ٣٢٪ی پەرلەمانتاران ژن دەبن.

لە خولی پێشووی پەرلەماندا ٣٤ پەرلەمانتاری ژن هەبوون، واتا ڕێژەی ٣٠٪ی پەرلەمانتاران ژن بوو.

 

ش.ف