لە درێژەی کار و چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، لە شارۆچکەی کەلار پانێڵێک بە ناونیشانی “لێبوردەیی و لێکتێگەیشتن هەوێنی خێزانی بەختەوەرە” بەڕێوەچوو و تێیدا باس لە هۆکارەکانی زیادبوونی تووندوتیژییەکان و چارەسەرییەکانیان کرا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کتێبخانەی گشتی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ناوەندی ڕێکخراوەکانی ژنان، پانێڵێکیان بۆ بورهان ئەحمەد، دادوەر و نیگار ڕەشید، چالاکوان بە ناونیشانی “لێبوردەیی و لێکتێگەیشتن هەوێنی خێزانی بەختەوەرە” ڕێکخست.
لە سەرەتای پانێڵەکەدا بورهان ئەحمەد، دادوەر بابەتێکی پێشکەشکرد و وتی:”مرۆڤ فریشتە نییە هەڵە نەکات، دەبێت وەک یەک تەماشای یەک بکەین، مادام مرۆڤین هەڵە دەکەین، کەواتە دەبێت وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەین، چاوپۆشی لە هەڵەی یەکتر بکەین و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین، ناکرێت پیاو لەبەر ئەوەی ژنەکەی هەڵەیەکی کردووە، هێرشبکاتە سەری و لێیبدات و تووندوتیژی بەرامبەر بکات تا دەگاتە جیابوونەوە”.
هەروەها وتیشی: بەداخەوە بەشێک لە پیاوان وایان زانیوە جیابوونەوە شتێکی ئاساییە، کێشەیەکی بچووک ڕوودەدات پیاوان یەکسەر بڕیاری جیابوونەوە دەدەن، لەلایەکی ترەوە، کاتێک نەگونجان و کێشە لەنێوان خێزانەکان دروست دەبێت، پێویستە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەن، هەروەها بە دەستنیشانکردنی دوو دادوەر بە ڕەزامەندی هەردوو بنەماڵەی باوان دەکرێت ڕێگەیەک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە بەشێکی دیکەی پانێڵكەکەدا نیگار ڕەشید، چالاکوانی بواری ژنان ئاماژەی بەوەدا، کە “دیاردەی تووندوتیژی لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر بە زەقی دەبینرێت، داتاکان بەرەو هەڵکشان دەچن، بەڵام خۆشبەختانە بە بۆنەی هەبوونی ناوەند و ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵی هۆشیارکردنەوە و نەهێشتنی دەدرێت، دەبێت بپرسین بۆ تووندوتیژی دەکرێت، چی بکرێت بۆ ئەوەی تووندوتیژی کەم بکرێتەوە؟.
وتیشی: بەداخەوە تا ئێستا یاسا و شەرع نەیانتوانیوە خۆیان دەرباز بکەن لەو ئەقڵییەتە خێڵگەرییەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە و ژنان قوربانیی یەکەمی ئەو ئەقڵییەتەن، لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا ژن سوڵحی پێکراوە و پتەوی و پەیوەندی خێزانی لەسەر بنیادنراوە، هەروەها پەیوەندیی کۆمەڵایەتی ژن دروستیکردووە، ژن لەناو بێشکە بەشوو دراوە و لە جیاتی خوێن دراوە، ژن وەک مرۆڤ سەیر نەکراوە و دراوەتە پاڵ پیاو، ژن خاوەندارە و خاوەن بڕیاری خۆی نیە، لە سەرووی هەمووی ئەمانەوە تووندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و دەکرێتە قوربانیی.
لە کۆتایی پانێڵەکەشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر بابەتەکان خستەڕوو.
ب.ل