لە ڕاسپاردەیەکدا گرفتەکانی بەردەم ژنان ڕادەستی حکومەتی هەرێم دەکرێت

لە کۆڕبەندێکدا لە شاری هەولێر، چۆنیەتی بەشداریی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار و خزمەتگوزارییەکاندا، هەروەها ئەو كێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە كۆمەڵگادا تاوتوێکرا، بە وتەی ڕێکخەرەکەی، ڕاسپاردە و ناوەڕۆکی کۆڕبەندەکە ڕادەستی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەکەن.


ئەمڕۆ لەهۆڵی هۆتێل'ئەربیل بێست'، لەشاری هەولێر ڕێكخراوی مەسەلە، كۆڕبەندی ژنان-ی بۆ بەشداریی ژنان لە پرۆژەكانی حكومەتدا بەڕێوەبرد.

ژنان لە كۆڕبەندەكەدا باسیان لەو كێشەو ئاستەنگیانەكرد، كەڕۆژانەڕووبەڕوویان دەبێتەوە، كە دیارترینیان بریتیبوو لە 'بوونی جیاوازیی ڕەگەزیی و بوونی دەرفەتی زیاتر بۆ پیاوان لە بەشداری پێكردنیان لە ناوەندەكانی بڕیار و ئاستەنگی دروستکردن بۆ ژنان کە زیاتر بەشدارییان پێبكرێت لە پرۆسەی سیاسی و خزمەتگوزارییەكان'.

بە وتەی ئەحمەد كاوانی رێكخەری پرۆژەكە بۆڕۆژنیوز، لە کۆڕبەندەکەدا ئەو كێشە و گرفت و ئاستەنگییانەی ڕوووبەرووی ژنان دەبنەوە وەك ڕاسپاردەیەك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی كوردستانی دەكەن.

جێگای ئاماژەیە، دوای هەوڵێکی زۆری ژنان بۆ جیگرتنیان لە ناوەندەکانی بڕیار و کابینەی نوێدا، لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆی ٢١ وەزارەت، کە تا ئێستا یەکلایی بووەتەوە، سێ وەزارەت دراوە بە ژنان، کە دەکاتە ١٤٪ی پۆستە وزارییەکان، ئەمەش بەگوێرەی داخوازییەکانی ژنان نییە، کە پێشتر داوایانکردبوو، ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ٣٠٪ کەمترنەبێت.

س.ح