لە ڕووداوێکدا ٤ ژن گیانیان لەدەستدا

له‌ سنوری شارۆچکه‌ی دوکان، به‌هۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە له‌ جۆری تۆیۆتا لاندگرۆز و بارهه‌ڵگرێک، چوار که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، کە هەر چواریان ژنن و پێنج که‌سی دیکه‌ش، که‌ ئه‌ندامی خێزانێکن و چواریان ژنن برینداربوون.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، له‌نێوان شاره‌دێی خه‌له‌کانی سه‌ربه‌ شارۆچکه‌ی دوکان و شارۆچکه‌ی ڕانیه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی، ڕووداوێکی هاتووچۆ ڕوویدا.

لە ڕووداوەکەدا چوار ژن گیانیان لەدەستدا بە ناوەکانی خەندە مستەفا، چرا غەفور، زەینەب عبدولڕەحمان، نازەنین عه‌بدوڵا، هه‌روه‌ها پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون، کە چواریان ژنن بە ناوەکانی سیما غەفور، سەما غەفور، سەنا غەفور، دڵین غەفور. که‌سێکی دیکەش‌ بریندار بووە، کە پیاوێکە.

قوربانییەکان هه‌موویان له‌نێو ئۆتۆمبێله‌ لاندگرۆزه‌که‌دا بوون.

موقه‌ده‌م دانا جه‌بار محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌ی پۆلیسی هاتووچۆی دووکان، به‌ ڕۆژنیوزی وت: به‌ پێی شیکاری شوێنی ڕووداوه‌که‌، ئۆتۆمبێله‌ لاندگرۆزه‌که‌ له‌ شاری سلێمانی به‌ ئاراسته‌ی شارۆچکه‌ی ڕانیه‌ هاتووه‌، بارهه‌ڵگره‌که‌ش له‌ ڕانیه‌وه‌ بۆ سلێمانی چووە‌، لاندگرۆزه‌که‌ له‌ چاڵێکی گه‌وره‌ی داوه‌ له‌سه‌ر ڕێگاکه‌، کۆنترۆڵی له‌ ده‌ستداوه‌ و چوه‌ته‌ ئاڕاسته‌ی بارهه‌ڵگره‌که‌ و خۆی پێدا کێشاوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دووکان، وتیشی: شۆفێری ئۆتۆمبێله‌ لاندگرۆزه‌که‌، کە ناوی خەندە مستەفایە، کچی مسته‌فای سه‌ید قادری وه‌زیری پێشووی پێشمه‌رگه‌یه‌، کە یەکێکیشە لە بەرپرسەکانی بزووتنەوەی گۆڕان.


ک.ک