لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، ژنانی تەڤگەری ئازادیی پەیامێک بۆ تەواویی ژنان دەنێرن

لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، ژنانی تەڤگەری ئازادیی پەیامێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا ڕەخنەی توند لە دۆخی ژنان دەکەن لە باشوری کوردستاندا، بۆ ئەوەش سیستمی دەسەڵاتداریی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن، هەروەها داوا لە تەواویی ژنانی باشوری کوردستان دەکەن، کە لەیەک نزیکببنەوە و پێکەوە هەوڵبدەن بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی و ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان بگێڕن.


ئەمڕۆ ٨ ئازار ڕۆژی جیهانیی ژنانە، بەم بۆنەیەوە، ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی'دا پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی ئازادیخواز و ئازارچەشتوو دەکەن و دەڵێن، سەرمان لە ئاستی شەھیدان ودایکی شەھیدان و بەرخۆدێرانی ڕێگای ئازادی ژن و مرۆڤایەتی دادەنەوێنین، هەروەها هاتووە: ڕۆژێک وەکو ڕۆژی تێکۆشان بۆ ژنانی جیھان تەنھا سیمبولێکە، ژنان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و لە مێژووی پێنج ھەزارساڵی دەسەڵاتدارێتی ڕەگەزگەراییدا، تەسلیم نەبوون و ڕێبازی تێکۆشانیان بۆ ئازادی دەست لێ بەرنەداوە، لەم نێوەشدا ژنانی کورد پاش تێپەڕاندنی دەیان قۆناغی سەخت و دژوار، ئەمڕۆ زیاتر لە ھەرکات لەسەرپێیانن بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیەکان، ھەرچەندە بە داخەوە لە باشوری کوردستاندا وێڕای چالاکی و ھەوڵ و تێکۆشانەکانی ژنان، ھێشتا دۆخی ژن لە ئەوپەڕی زەحمەتی خۆیدا ژیان دەکات، دەسەڵاتی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی پیاوسالار و ناداد و نادیموکراتە، ڕاستەوخۆ نمایندەی حزبی کلاسیکی باشورە کە دەستی بەسەر کارگێڕی ئەم وڵاتەدا گرتووە، لەکەسایەتی ژندا تەواوی کۆمەڵگەی ڕوبەڕووی گێژاو و ژیانی پڕ زەحمەتی کردۆتەوە.

تەڤگەری ئازادیی دەڵێت باشوری کوردستان بووە بە دۆزەخ بۆ ژنان، "لە یاساکانەوە بگرە تا جێبەجێکارانی یاسا دژ بە ژنان لە مەیدانن، بەناوی ناموسەوە کوشتن و بە ناوی یاسای لێبوردنی گشتیەوە ئازاد کردنی ژنکوژان و بەکارھێنانیان لە خزمەتی پارتەکانی دەسەڵاتدا، دەرگا بۆ کۆی مینبەرەکان کراوەیە دژ بە ژنان، ھیچ سانسۆرێک بۆ میدیای بەناو ئازاد نییە کە ڕۆژ ھەتا شەو بۆ بەکاڵا نیشاندانی ژنان لە ھەوڵدان، سۆشیال مەدیا بەڵایەکیتر و جەھەنەمێکی تری بۆ ژنان لەم ھەرێمە بێ یاسایەدا تاوداوە، بێ لێپرسینەوەیی لە پیاوانی بەناو ئاینی و ھەر ڕۆژەی بەناوی پاساوێکەوە ھێرش کردنە سەر ژنان و ڕێکخراوەکان و ھونەرمەندان، قوفڵێکی دیکەن بۆ دەرگای زیندانەکانی ماڵ بۆ ژنان".

ژنان لە تەڤگەری ئازادییدا ڕەخنەی توند لە حزبە سیاسییەکان دەگرن و لەسەر ئەوەی ڕێگا بە چوونە پێشەوەی ژنان نادەن و هەمیشە هەوڵ دەدەن بەکاریان بهێنن، دەشڵێن:"ئێمە وەکو ژنان لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بە پشت بەستن بە فکرو فەلسەفەی ئازادی و ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن، بە ڕێباز و میکانیزمە جیاوازەکانی وەکو پەروەردە، ڕێکخستن و چالاکی، لەلایەک خۆمان ڕەخنە دەکەین بەرامبەر ھەموو ئەو پێشێلکاریانەی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچن، کە نەمانتوانیوە ببینە وەڵامێکی تەواو و پێشگرێکی کاریگەر بین، لەلایەکی ترەوە ھەم خۆمان ئەرکدار و بەرپرسیار دەبینین، ھەم بانگەوازیمان ھەیە بۆ کۆی ژنانی ئازارچەشتوو قوربانیدەر، کە خۆیان بگەیەننە ئاستی ژنێکی ھۆشیار کە نەک تەنھا کێشەکانی خۆی و ماڵەکەی بەڵکو کێشەی ژنان و کۆمەڵگەکەشی چارەسەر بکات، ئەمەش بە خودناسین و خودباوەڕی دەکرێت، ئێمەش ئامادەین کە ھاوکار و پاڵپشت و دەستەخوشکی تەواوی ژنان بین، مسۆگەر بە پێکەوە خەبات و ھاتنەلای یەکتر دەتوانین ئەرکەکانمان دیاری بکەین و مافەکانمان بەدەستبخەین".

هەروەها پەیام بۆ ژنانی ڕێکخراو و سیاسیی و ئیداریەکان دەنێرن کە "ئەمڕۆ لەھەرکات گرنگترە لە دەوری مێزێک کۆببینەوە ببینە ھێزبەخش بۆ یەکتری و چیتر ڕێگربین بۆ بە بوکەڵە کردنی ژنان و بەکارھێنانیان، ژنانی کۆمەڵگە چاویان لە خەباتی ئێمەیە، ئێمەش خاوەن ئایدیایەکی دەوڵەمەند و میراسێکی تێکۆشانی ڕاستەقینەی ژنی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکەین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان و چیاکانی کوردستانەوە ئیلھام بەخش و پشتیوانن بۆ ئێمە و تەواوی ژنانی جیھان".

س.ح