لە کۆی ٢٧ بەڕێوەبەری فەرمانگە لە خانەقین تەنیا سیانیان ژنن

به‌پێی ئامارێكی ئیداره‌ی شارۆچكه‌ی خانه‌قین له‌كۆی ٢٧ به‌ڕێوبه‌ری فه‌رمانگه،‌ ته‌نها سیانیان ژنن، ژنانی سنوورەکە دەڵێن حکومەت و حزب ڕۆڵی ئەوانی لاواز کردووە، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شارۆچکەکە‌ ده‌ڵێت:"هیچ كات ڕێگر نه‌بووین له‌ وه‌رگرتنی پۆستی ئیداریی له‌ لایه‌ن ژنانه‌وه"


به‌پێی ئامارێكی ئیداره‌ی شارۆچكه‌ی خانه‌قین-ی سەر بە پارێزگای دیالە، له‌كۆی ٢٧ به‌ڕێوبه‌ری فه‌رمانگه، تەنیا سێ لەو بەڕێوبەرانە ژنن، کە ئەوانیش بەڕێوبەرانی کتێبخانەی گشتیی، لقی بانکی ڕەشید و ڤێرتەرنەریی-ن، پێشتریش بەڕێوبەرانی کشتوکاڵ و فەرمانگەی خۆران ژن بوون، بەڵام نزیکەی مانگێکە خانەنشین کراون و شوێنەکانیان لەلایەن ژنەوە پڕ نەکرانەوە، واتا تەنیا ١١٪ی ژنان لە ئاستی بەڕێوەبەرییدان، ئەمەش نیگەرانیی ژنانی لێکەوتووەتەوە.

عه‌میدی یاسایی له‌میعه‌ محمه‌د، ماوه‌ی نزیكه‌ی‌ شه‌ش مانگه‌ له‌ پۆستی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ به‌ژنان له‌ گه‌رمیان دوورخراوه‌ته‌وه‌ له‌پۆسته‌كه‌ی، ئه‌و ژنه‌ ته‌نها ژن بوو‌ له ‌خانه‌قین،‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان بووبووە‌ به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ژنان.

لەمیعە محەمەد، نیگەرانە لەوەی"فه‌راهه‌مكردنی هه‌ل بۆ وه‌رگرتنی پۆستی ئیداریی له‌لایان ژنانه‌وه‌، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌ی گەرمیان، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش نه‌كراوه و هاوسەنگیی نییە‌".

وەک لەمیعە باسی دەکات، له‌سه‌ر بنه‌مای پاڵپشتیی كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو له‌نێو حزب یان گروپێك پۆست دابەش دەکرێت، نەک له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی و توانای كه‌سه‌كه‌‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسەنگیی جێنده‌ریی دانانرێت و بەچاوێکی کەم سەیری کاری ژن دەکرێت"دەبێت هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز به‌شدارییان پێبكرێت له‌ وه‌رگرتنی پۆسه‌ ئیدارایی و فه‌رمییه‌كان و به‌شێوه‌ی یه‌كسان ده‌رفه‌تیان پێبدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌شداری بكه‌ن له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌رجه‌م كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا و حكومه‌ت و حزبه‌كان".

له‌باره‌ی كه‌میی به‌شداریكردنی ژنانی خانه‌قین له‌پۆسته‌ ئیدارییه‌كان عه‌مید له‌میعه‌ وتی:"ژنانی خانه‌قین خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی و زانستیی باشن، توانای پێشكه‌وتنیان هه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان، به‌ڵام هۆكار ئه‌وه‌یه،‌ هاوسه‌نگیی جێنده‌ری نییه‌ له‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ لایه‌ن فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقیی له‌ خانه‌قین".

لەمیعە محەمەد بە خواستی خۆی دەستبەرداری بەڕێوەبردنی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان/گەرمیان نەبوو، بەڵکو لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دووریانخستەوە، سەبارەت بەو بابەتە لەمیعە، وتی:"له‌بری ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانمان بكرێت و پاداشت بكرێن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ لەماوەی شەش ساڵی کارکردنمان بەدەست هاتوون، هەندێک جار کەسەکە دوور لەڕێگا یاساییەکان دووردەخرێتەوە".

وەک خۆی باسی دەکات، لە ئەنجامی کار و چالاکیی ئەوان ڕێژەی توندوتیژیی لە گەرمیان کەمبووەتەوە و وتی: به‌پێی ئاماره‌كان له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ له ‌گه‌رمیان هیچ كوشتن و خۆكوشتن تێدا تۆمار نه‌كراوه‌، ته‌نها یه‌ك حاڵه‌تی خۆسووتاندن نه‌بێت، ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ له‌ ئه‌نجامی به‌ڕێوه‌بردن و كاروچالاكی ئێمه‌ بوو، پلان و ستراتیجی كاره‌كانمان سه‌ركه‌وتوو بووه‌.

لەمیعە محەمەد، بە پێویستی دەزانێت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان لیژنه‌یه‌كیان هه‌بێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان، له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و لێهاتوویی، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌ڕێوبه‌ره‌كان بخرێته‌ڕوو و ئاڵوگۆڕ بكرێت له‌ پۆسته‌كان، هه‌روه‌ها پێویسته‌ حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌بێت له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ ئاستی جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ی نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌كان بكات، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌شدارییپێكردنی ژن له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیار و پێگه‌ حكومییه‌كان.

هەر لەوبارەیەوە، زه‌ینه‌ب ئه‌ركه‌وازی، چالاكوانی بواری ژنان وتی:"ژنان له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ په‌راوێز خراون له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كان، هه‌ر‌وەها له‌ نێو حزب و ژیانی سیاسیش ڕۆڵیان پێنه‌دراوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری ژنان هه‌ن كه‌ به‌توانا و لێهاتوون و ده‌توانن پۆستی ئیداریی وه‌ربگرن، به‌ڵام چونكه‌ له‌سه‌ر به‌ش به‌شێنێ و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌كان پۆسته‌كانیان پێ ده‌درێت، ژنان فه‌رامۆش كراون‌ و ڕه‌چاوی تواناكانیان نه‌كراوه".

زەینەب ئەرکەوازی، بە گرنگی دەزانێت، کاتێک پۆستێك ده‌درێته‌ ژنێك له‌ ناوه‌ندی حكومی یان حزبی، ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بیروبۆچوونی ئه‌و ژنه‌ بكرێت، ئاخۆ كه‌سێكی لێهاتووه‌ یان بیروبۆچوونی هه‌مان هه‌ڵگری بیری پیاوسالارییه‌‌، چونکە وەک زەینەب باسی کرد"هه‌ندێك جار حزبه‌كان كۆمه‌ڵێك ژن كاندید ده‌كه‌ن بۆ پۆستێك، کە توانا ‌و شاره‌زایی ئەو كاره‌ی نییه‌، بۆیه‌ تووشی شكست ده‌بێت، ئه‌و حاڵه‌تانهش‌ كاردانه‌وه‌ی خراپ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و پێگه‌ی ژنانی چالاك لاواز ده‌كه‌ن و وێنه‌یه‌كی ناشیرین پیشانی كۆمه‌ڵگا ده‌درێت، كه‌گوایە ژنان توانایان نییه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پۆسته‌ ئیدارییه‌كان".

لە بەرامبەردا، سەمیر محەمەد سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی خانه‌قین  بە ڕۆژنیوزی وت:"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگرییمان نه‌كردووه‌ له‌ وه‌رگرتنی پۆستی ئیداریی له‌لایه‌ن ژنان، به‌ڵكو پاڵپشتییان ده‌كه‌ین، به‌مه‌رجێك ‌ ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ كاندید ده‌كرێت بۆ وه‌رگرتنی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ریی كه‌سی شیاو و به‌توانا بێت له‌ كاره‌كانی".

وتیشی:"پێمان باشه‌ كه‌ ژنان ده‌رفه‌تیان پێبدرێت له‌ وه‌رگرتنی پۆست و به‌رپرسیارێتی، چونكه‌ له‌ شارۆچکەکەمان ژنانی زیره‌ك و لێهاتووی زۆر هه‌ن‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ن كه‌ ڕۆڵیان پێبدرێت له‌به‌شداری پێكردینان له‌به‌ڕێوه‌برنی خانه‌قین".

دوای بەشدارییکردنی لەخولێکی رێكخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەریی، پەیامنێری ڕۆژنیوز ئەم ڕاپۆرتەی ئامادە کردووە.

ش.ف