لە کەرکوک و ڕانیە گوڵ پێشکەشی ژنان کرا

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە لە شاری کەرکوک و شارۆچکەی ڕانیە گوڵی پێشکەشی ژنان کرد و سڵاوی بۆ هەموو ئەو ژنانە نارد، کە بۆ ئازادی ژن و ئازادی مرۆڤایەتی تێکۆشانیان کردووە.


 پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخڕاوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە بازاڕی ڕەحیماوا و شۆریجەی شاری کەرکوک بەبۆنەی ڕۆژی ٨ی ئازار گوڵیان پێشکەشی ژنان کرد.

سومەیە جلیل، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کورستان، لەکاتی دابەشکردنی گوڵدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی: لە ساڵی ۱٨٥۷لە شاری نیۆرک  لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٤ هەزار ژنی کرێکار لە کارگەی ڕستن و چنین بەهۆی زۆری کاتی کاردکردن و کەمی حەق دەست، دەس بەمانگرتن دەکەن، خاوەن کارگە بە هاوکاری پۆلیس هێرش دەکەنە سەر مانگرتوان لە ئەنجامدا ۱۲۰ ژن سوتان و گیانیان لەدەستدا، دواتر ٨ی مارس کرایە ڕۆژی جیهانی ژنان، بە ڕۆحی بەرخودانی ٨ی مارس لە دژی کۆمەڵکوژی سەر ژنان، دەستدرێژی لەسەر مناڵی مێینە و بەشودانی کچی تەمەن بچوک، خەتەنەکردنی مێینە فەتوای دژی ژنان تێکۆشان بەردەوام دەکەین و سەردەکەوین.

لەلایەکی دیکەوە و بۆ پیرۆزکردنی ٨ی ئازار ڕۆژی جیهانی ژنان، ئەندامانی ڕژاک لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، لەناو بازاری شارۆچکەی ڕانیە گوڵیان پێشکەشی ژنان کرد و پیرۆزباری ٨ی ئازاریان لێکردن.

ئەسمەر ڕەسوڵ، ئەندامی ڕژاک وتی: ڕۆژی ٨ی ئازار لە هەموو ژنانی ئازادیخواز و بە تایبەتی ئەوانەی لە بەرامبەر زۆڵم و ستەمی پیاوسالاری و دیکتاتۆری تێکۆشان دەکەن پیرۆز دەکەم و بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و خەباتی خۆمان تا گەیشتن بە ئازادی و گەرەنتی کردنی ژیانی ئازاد دەست لە خەبات بەرنادەیەن.

د.ع