لە کەرکوک ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی ژنان گردبوونەوە

بەشێک لە ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی ژنان، گردبوونەوەیەکیان دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە شاری کەرکوک بەڕێوەبرد.


کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی ژنان بە دروشمی" لە دژی داگیرکاری و ژن کوشتن بێدەنگی بشکێنە" گردبوونەوەیەکیان لە باخچەی قەڵا لە شاری کەرکوک بەڕێوەبرد.

دلڤان ئەکرەم نوێنەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوەو تێیدا هاتبوو: ٥٩مین ساڵڕۆژی توندوتیژی دژی ژنان بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز بۆ ئەو ژنانە دائەنوێنین کەلەپێناو گەل و ئازادی ژنان گیانیان بەخت کرد، لەسەرتاسەری کوردستان وێڕای بەرخۆدانی بێ وچانی ژنان بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراتی بەڵام توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵکشاندایە.

ئەوەش هاتووە: بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری توندوتیژی دژی ژنان ڕۆژ دوای ڕۆژ توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبوون دایە و زۆرترینیان توندوتیژی دەروونی سێکسیە، هاوکات لەهەرێمی کوردستاندا لەماوەی ٢٤کاتژمێردا ژنێک یان دوو ژن دەکوژرێن یان خۆیان دەکوژن.

ژنان جەخت دەکەنەوە، شاری کەرکوک یەکێکە لەو شارانەی کە زۆرترین قوربانی توندوتیژی تێدا دەکرێت، جگە لەمەش دەستێوەردانی داگیرکەرانی کوردستان وەک دەوڵەتی تورک و ئێران بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگا.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، داگیرکاری لەبواری ئابوری، سیاسی وکلتوری کاریگەیر ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخەکە هەیە، بڵاوبوونەوەی درامای تورکی بووەتە تێکدانی کلتوری کلتوری و بڵاوبوونەوەی کلتوری توندوتیژی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ بەرخۆدانی ڕؤژئاوای کوردستان و وەستانەوە دژی داگیرکەری دوپاتکردەوە.

بە پێشکەشکردنی شانۆگەری خاک و نیشتیمان، کە ناوەڕۆکەکەی باسی لە هێرش و داگیرکەرییەکان و توندوتیژی دژ بەژنان دەکرد، کۆتایی بە گردبوونەوە هات.

ب.ش