لە کەلار پێشبڕکێیەکی پاسکیلسواری بۆ کچان بەڕێوەچوو

لە شارۆچکەی کەلار، پێشبڕکێی پاسکیلسواری بۆ ٤٥ خوێندکاری کچ بەڕێوەچوو.


بەیانی ئەمڕۆ، لە شارەدێی ڕزگاریی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار، پێشبڕکێیەکی پاسکیلسواری بۆ کچانی خوێندنگاکانی کەلار و ڕزگاری ئەنجامدا.

بەوتەی سەرپەرشتیارانی، پێشبڕکێکە لە پێناو بایەخدانە بە وەرزشی پاسکیلسواری کچان و زیادبوونی لێخوڕین و بەکارهێنانی بە تایبەت بۆ کاتی دەوام.

خاڵی دەستپێکی پێشبڕکێکە لەسەر ڕێگای سەرەکی مەزاری ئەنفالەکانی گوندی دێبنەیی سنوری شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار دەستیپێکرد و تاگەیشتن بە خاڵی کۆتایی سێ کیلۆمەتر مەودای هەبوو.

شێوازی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکەش کە ٤٥ کچە خوێندکار تێیدا بەشداربوون، بریتی بوو لە دوو گروپ، گروپی یەکەم پێکهاتبوون لە خوێندکارانی خوار حەوتی بنەڕەتی و گروپی دووەمیش لە خوێندکارانی حەوتی بنەڕەتی بۆ ۱۲ ئامادەیی بوون، لە هەردوو گروپەکەش شەش کچە خوێندکار لە پلەی یەکەم تا سێیەمیان بەدەستهێنا.

دواتر جگە لە خەڵاتکردنی ئەو شەش کچە خوێندکاره، خەڵات بەسەر سەرجەم خوێندکار و مامۆستای خوێندنگا بەشداربووەکان دابەشکرا.

ک.س