لە گردبوونەوەیەکدا، ژنان داوای یەکێتی کورد و بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەکەن

لە شارۆچکەی سەیدسادق، گردبوونەوەیەک لەلایەن ژنانی شارۆچکەکەوە بەڕێوەچوو، تێیدا داوای یەکڕیزی گەلی کورد و بایکۆتکردنی کاڵای تورکییان کرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی شارۆچكەی سەیدسادق گردبونەوەیەك لەلایەن، ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا داوای بایكۆتكردنی كاڵای توركیان كرد، هاوکات دروشمی" بەڵێ‌ بۆیەكێتی گەلی كورد لەبەرامبەر داگیركاریدا"بەرزکرابوونەوە.

لەژێر ناوی"نابۆ كڕینی كاڵای توركی، نابۆخزمەتكردنی كەلتوری توركی، بەڵێ‌ بۆ ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی، بەڵێ‌ بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، بژی تێكۆشانی شۆڕشی كوردستان، ژن ژیان ئازادی"ژنان بەیاننامەكەیەکیان خوێندەوە.

خەزان عەلی ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی كوردستان وتی: بەبایكۆتكردنی كاڵاو درامای توركی كۆتای بەژن كوشتن بهێنن، وەك هەموو لایەك ئاگادارە ڕژێمی دەوڵەتی توركیا، چاوی بڕیوەتە هەموو كوردستان، بەردەوام بەهەموو شێوەیەك داگیركاری بەسەر هەموو بەشەكانی كوردستان بەڕێوە دەبات.

خەزان ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامکردنی کەمپینی بایکۆتکردنی کالای تورکی کرد و ڕایگەیاند: پێویستە بەردەوام بین لەسەر بایكۆت، دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت، بەكڕینی هەر كاڵایەكی توركی ژمارەی فیشەكێكی دیكە زیاد دەكەین بۆ كوشتنی ڕۆڵەیەكی كورد.

سەبارەت بە بایکۆتکردنی دراما تورکیەکان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان پێی وایە، دەبێت ژنان بەهەموو شێوەیەك دراماو بەرهەمی هونەری توركی بایكۆت بكەن، لەپێناو ڕێگە گرتن لەتەشەنەكردنی كەلتوری توركی، سڕینەوەی كلتوری كوردی.

داوا لەسەرجەم ژنانیش دەکەن، بەهەستێكی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی، بەهەستی دیموكراتی و ئەخلاقی بەردەوامبن لە دژایەتیکردنی هەرجۆرە توندوتیژی، ژن كوشتن و هەموو جۆرێكی شەڕ،  پێویستە بەردەوامبن لەبایكۆتكردنی كاڵای توركی، لەچالاكی جەماوەری، نەتەوایەتی و دیموكراتی ژنان چالاكانە تر بەژداربن. 

  ب.ش