لە گوندێکی چەمچەماڵ خەتەنەکردنی مێینە و فرەژنیی کۆتایی هاتووە

لە گفتوگۆیەکی کراوەدا، کە لە کەلار بەڕێوەچوو، موختاری گوندێکی جەمجەماڵ ڕایگەیاند، لە گوندەکەیاندا خەتەنەکردنی مێینە و فرەژنیی کۆتایی هاتووە و وەک عەیبە سەیری ئەو دیاردانە دەکرێت.


ئەمڕۆ ٦ی شوبات لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، بەهاوکاری کۆنسوڵخانەی گشتی هۆڵندا، لە هۆڵی لەندەن ئای لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، گفتوگۆیەکی کراوەی بە دروشمی"بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە..هەنگاوی دووەم: زاڵبوون بەسەر خەتەنەکردنی مێینە"، سازکرد.

سەرەتا، لەیلا ئەحمەد، ئەندامی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی ئامارێکی ڕێکخراوەکەیان سەبارەت بەم بابەتە خستەڕوو، کە بە گوێرەی ئەو ئامارە، لە ساڵی ٢٠١٩ لەچاو ٢٠١٨دا ڕێژەی خەتەنەکردن لە ١٠.٤٪ وە بۆ ٩.٣٪ کەمیکردووە، هەروەها ناوچەی گەرمیانیش هیچ ڕیژەیەکی تیا تۆمار نەکراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە گەرمیان خەتەنەکردنی مێینە کۆتایی پێهاتووە، وتیشی: ئەگەریش جارێکی تر سەرهەڵبداتەوە ئامادەین دیسان ڕووبەڕووی ببینەوە.

دواتر لەلایەن مایکا کەیزەر نوێنەری کونسوڵی هوڵەنداوە، وتارێک پێشکەشکرا و ئاماژەی بەوەدا، پاڵپشتی تەواوی ئەو هەوڵانە دەکەن کە بۆ گەشەپێدان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بنەبڕکردنی ئەم دیاردانە دەدرێن.

دواتر، پارێزەر شۆخان حەمەڕەشید، کە ڕۆڵی هەبووە لە کارکردنی یاسایی بۆ قەدەغەکردنی خەتەنەی مێینە، تیشکی خستە سەر یاسای قەدەغەکردنی مێینە و وتی: پێویستە ژنان هۆشیاربن کە خەتەنەکردن بەگوێرەی یاسا قەدەغەکراوە.

ویشی: ئێمە زۆربەی کەیسە خێزانییەکان لەناو دادگاکاندا گرێدەدەین بەم بابەتەوە و لێکۆڵینەوە دەکەین، کە ئایا هۆکارەکەی خەتەنەکردنە یانا، ئەمەش بۆ زەقکردنەوەی ئەم توندوتیژییەیە بەرامبەر ژنان و دواجار چارەسەرکردنی، ئێستا لە قۆناغی چارەسەریداین و هۆشیاری و ڕۆشنبیری دەروونی و یاسایی دەدەین بە ژنان لەم بارەیەوە.

دواتر، سەرحەد عەزیز، موختاری گوندی جوتەقەلی سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ، کە لە گوندەکەیدا خەتەنەکردنی مێینە و فرەژنی کۆتاییان پێهاتووە، باسی لەوەکرد، بەهۆی سەردانیکردنی بەردەوامی  ڕێکخراوی وادی، کە کاریان بۆ نەهێشتنی خەتەکردنی ژنان و نەهێشتنی فرەژنی و توندوتیژییە، بڕیاریداوە، هەوڵبدات کۆتایی بەو دیاردانە بهێنیت لە گوندەکەیدا و هەوڵەکانیش بە ئەنجام گەیشتووە.

سەرحەد وتیشی: لەگەڵ گوندنشینان بڕیارماندا کۆتایی بەم دیاردانە بهێنین و لە ئێستادا وای لێهاتووە ئەو دیاردانە لە گوندەکەمان وەکوو عەیبەیەکی گەورە سەیر دەکرێت.

ئەمڕۆ ٦ی شوبات ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینەیە، کە ئەم ڕۆژە بە پێی بەندەکانی ١٩ و ٢٤ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، پەسەندکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٨٩، بڕیاری لە سەر دراوە.

ش.ف