لە ۱۰ مانگی ڕابردوودا هەزار و ٦۲۳ حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمارکراوە

لە مەراسیمێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە شاری سلێمانی، ئاماری ۱۰ مانگی ڕابردووی توندوتیژییان بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، لە ۱۰ مانگی ڕابردوودا هەزار و ٦۲۳ حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمارکراون.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە فامیلی مۆڵ لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO مەراسیمێکی بە بۆنەی ۲٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕێکخست.

لە مەراسیمەکە چەندین بڵاوکراوەی هۆشیاریی لەسەر توندوتیژییەکانی سەر ژنان بڵاوکرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە، ڕائید هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە شاری سلێمانی، ئاماری ۱۰ مانگی ڕابردووی توندوتیژییەکانی سەر ژنانی لە سنووری بەڕێوبەرایەتییەکەیان بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکە، لە ١٠مانگی ڕابردوودا ۱۰ حاڵەتی کوشتنی ژنان و ۱۰ حاڵەتی خۆکوشتن و ۲٦ حاڵەتی سووتانی ژنان و ۱۸ حاڵەتی خۆسووتاندن لەگەڵ هەزار و ٥٥۹ سکاڵا تۆمارکراون، کە کۆی گشتییان دەکاتە ۱٦۲۳ حاڵەت.

هەر لە مەراسیمەکەدا، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتارێکی پێشکەشکرد و وێڕای ئاماژەدان بە بەرزیی ئامارەکانی کوشتنی ژنان، ئەوەشی خستەڕوو: دەست لە پشت خۆکوشتنی ژنانەوە هەیە، ئێمە لەکاتی لێکۆڵینەوەکردن لە کەیسەکانی ژنان، ڕووبەڕووی ئەوە دەبینەوە کە کەسوکارەکەی هیچ زانیارییەک ئاشکرا ناکەن، ئەگەر زیاتر لێکۆڵینەوە بکرێت کەسوکاریان زانیاریی بدەن، دەتوانین کەسانی پشت خۆکوشتنی ژنان بدۆزینەوە و بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بیاندەینە دادگا.

هەر لە مەراسیمەکەدا، چەند بەرهەمێکی گۆرانی و میوزیک و شانۆ پێشکەشکران.

 

ک.ک